لە سنووری هەولێر 'بەهۆی هەورەبرووسکەوە' 200 دۆنم زەویی بە گەنم چێندراو سووتا
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 200 دۆنم زەویی بە گەنم چێندراوی چوار جووتیار سووتا. جووتیارێک دەڵێت، نزیکەی 80 هەزار دۆلار زیانی مادیی هەبووە.
رووداوەکە نزیک کاژێر 01:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024 لە دەشتاییەکانی ناوچەکانی زرارەتی و بەڕانەتی روویداوە. دلێر سدیق، جووتیاری سنوورەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خۆمان ئاگرەکەمان کوژراندەوە؛ زیانی گیانیی نەبووە و زیانەکان مادین."
زۆرترین زەویی جووتیاران لە سنوورەکە لە گوندی گردەچاڵ سووتاوە. دلێر سدیق دەڵێت،: "بنکەی ئاگرکوژێنەوە زیاتر لە 10 کیلۆمەتر لێمانەوە دوورە و هەموو ساڵێک بەشێکی زەوییەکانمان پێش دروێنە دەسووتێن."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، جگە لە سووتانی گەنمەکان، تراکتۆرێک و مورەشە (سیستمی ئاوڕشێن) لەنێو زەوییەکان سووتاون. گوتیشی، "نانمان دەخوارد ئاگرەکە دروستبوو؛ کەسی لێنەبوو، بۆیە جگە لە هەورەبرووسکە هیچی دیکە نەبوو."
ساڵانە پێش دروێنەی گەنم رووداوی هاوشێوە روودەدەن؛ 22ی ئەم مانگە هەر لە سنووری هەولێر 381 دۆنم زەوی بەگەنم چێندراو لە نزیک قوشتەپە سووتا.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ تاوەکو 21ـی ئایار، زیاتر لە هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە؛ بەهۆیانەوە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.