بودجەى کەرکووک 80 ملیار دینار کەمی کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بودجەى کەرکووک بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 80 ملیار دینار کەمیکردووە و بووەتە نیوەى ساڵى رابردوو. پەرلەمانتارێکى پارێزگاکە دەڵێت، "بودجەى پترۆدۆلاری ساڵى رابردوو خەرج نەکراوە".
 
بەگوێرەى خشتەى بودجەى 2024ى عێراق، خەرجى سەرمایەى پارێزگاى کەرکووک بۆ ئەمساڵ بە 116 ملیار و 168 ملیۆن دینار دیاریکراوە. ئەو خەرجییە لە بودجەى وەبەرهێنان بۆ پڕۆژەکان و خەرجى رەوان پێکدێت و بۆ پارەدارکردنی پرۆژەکانە.
 
ساڵی رابردوو بودجەی کەرکووک 196 ملیار و 678 ملیۆن دینار بووە، بەو پێیە بودجەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو 80 ملیار و 500 ملیۆن دینار کەمیکردووە.
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەسەر بودجەى کەرکووک و ئەو کەمبوونەوەیە، لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمان کۆدەبینەوە".
 
لە مانگى ئابى 2023وە کە یاساى بودجە کارا بووە، تاوەکو مانگى ئایارى 2024، زیاتر لە سێ ملیۆن و 392 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک هەناردەى ئوردن کراوە، سەباح حەبیب گوتى، "تاوەکو ئێستا پارەى پترۆ دۆلارى ساڵى 2023 بۆ کەرکووک خەرج نەکراوە".
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتى، دەبێت 5%ى داهاتى نەوت یان گاز لە چوارچێوەى بودجەى پترۆ دۆلار بۆ پارێزگا بەرهەمھێنەرەکانى تەرخان بکرێتەوە. 
 
بودجەى 2024ی عێراق زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە، 55 تریلیۆن دینارى بۆ وەبەرهێنانە.