بیرەوەرییەكانی هۆمەر دزەیی و دوو کتێبی تەڵعەت تاهیر بڵاودەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پەراوێزی پێشانگەی کتێبی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 26-5-2021، رێوڕەسمی بڵاوكردنەوە و واژۆکردنی دوو بەرگی بیرەوەرییەكانی هونەرمەند هۆمەری دزەیی و دوو كتێبی نووسەر و شاعیر تەڵعەت تاهیر، بە ئامادەبوونی خۆیان، بەڕێوەدەچێت.
سەنگەر زراری، بەڕێوەبەری دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بیرەوەرییەكانی مامۆستا هۆمەری دزەیی بە ناونیشانی 'لە دووگردكانەوە بۆ بنی دونیا'یە و لە دوو بەرگ پێكهاتووە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەنگەر زرای ئاماژەی بەوەدا: "هۆمەری دزەیی وردەكارییەكانی ژیانی خۆی و رەچەڵەكی بنەماڵەكەی خۆی باسكردووە. ئەو تەنیا هونەرمەندێك نییە، بەڵكو كەسایەتییەكی دیاری بنەماڵەیەكی دیاری دزەیی و هەولێرە، وەكو راگەیاندنكار و سیاسەتمەداریش كاری كردووە، بۆیە ئەم بیرەوەرییانە گرنگیی خۆی هەیە".
لەبارەی كتێبەكانی تەڵعەت تاهیریشەوە، سهنگهر زراری گوتی: "نووسەر و شاعیر تەڵعەت تاھیر، نوێترین كتێبهكانى 'ناوی تۆ ئیمزای منە' و 'رۆژگاری وشک و چاوی تەڕ'، لەلایەن ئێمەوە بۆی چاپكراوە و لە هەمان بۆنەدا بڵاودەکرێنەوە".
بەڕێوەبەری دەزگای فام ئاماژەی بەوەشکرد: "كتێبى 'ناوی تۆ ئیمزای منە' بهرههمى یهكهمیهتى و پێكهاتووە لە زۆربەی شیعرەكانی لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا. کتێبی دووەمیشی بە ناوی 'رۆژگاری وشک و چاوی تەڕ'ە و بریتییە لە نووسین و دونیابینیی ئەدەبیی نووسەر، ئاوڕدانەوەیەکیشە بۆ ئەزموونی نووسەرانی دیکەی کوردی و جیهان".