رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەم ساڵ لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 10 کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترین کرێکار لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە کە شەش کرێکارن. لە هەولێر سێ کرێکار و لە دهۆک کرێکارێک گیانی لەدەستداوە. لە هەڵەبجە هیچ کرێکارێک لەکاتی کاردا گیانی لەدەست نەداوە.
یوسف کەریم حەمەد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی نیسان بە رووداوی گوت، ئەوەی بە فەرمی تۆمار کرابێت، ئەم ساڵ لە سنوورەکە سێ کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە.
چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ شەش رووداوی گیانلەدەستدانی کرێکار لە شوێنی کاردا تۆمار کراوە".
هەر ئەمڕۆ وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی گوت، لە هەشت لقی سنووری پارێگاکەیان کە 14 هەزار و 18 کرێکار وەکو ئەندام خۆیان تۆمار کردووە، ئەم ساڵ یەک گیانلەدەستدانی کرێکاریان بە فەرمی تۆمار کردووە.
هەروەها کارزان محەممەد، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکاران دەڵێت، پار و ئەمساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ هیچ گیانلەدەستدانێکی کرێکاران تۆمار نەکراوە لە سنوورەکەیان.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکانیشەوە چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوتی، "هۆکارەکان سێ لایەنەن؛ 90%ـی کۆمپانیاکان پابەندی رێکارەکانی سەلامەتیی پیشەیی نابن. بەشێکی کرێکارەکانیش خۆیان پابەند نابن و حکومەت کەمتەرخەمە کە سزای توندی پڕۆژە و کۆمپانیاکان نادات بەهۆی پابەند نەبوون بە یاسای کارەوە".
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو 73 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ