نیو سەدە بەسەر بۆردوومانی قەڵادزێ تێپەڕی؛ هێشتا کەسوکاریان قەرەبوو نەکراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەبیحە محەممەد، دانیشتووی قەڵادزێیە. لە تەمەنی 16 ساڵی و سەرەتای ژیانی هاوژینی، شاهێدی مردنی بەکۆمەڵی حەوت ئەندامی خێزانێکی دراوسێیان و کەسوکاری بووە، کە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی جەنگیی رژێمی سەدام لە ساڵی 1974 بۆ سەر خەڵکی قەڵادزێ، گیانیان لەدەستداوە.
 
سەبیحە مەحەممەد، کەسوکاری شەهیدانی بۆردوومانی قەڵادزێ بە رووداوی گوت ئەو رۆژە، ''رۆژێکی رەش بوو. کەس ئاگای لە کەس نەبوو. کەس بە فریای کەس نەدەکەوت. گەڕەکێک بە تەواوی تەخت بوو. مردووەکانیان هەموو لە مزگەوتی کارەبا دانابوو؛ منداڵی بچووکیان تێدابوو.''
 
کەسوکاری قوربانییانی بۆردوومانی قەڵادزێ ئەمڕۆ بەلەباوەشگرتنی وێنەی شەهیدەکانیان، بەدیار دانانی ئەو تاجەگوڵینانە وەستان، کە 50 ساڵە ساڕێژی خەم و ئازارەکانی نەکردوون.
 
ئەبوبەکر هۆمەر، کەسوکاری شەهید دەڵێ ''باچیدیکە گەنجەکانمان لە دەریای ئیجەدا نەبنە خۆراکی قرش. دەمەوێت کورد یەکڕیز و تەبا بن. نێوماڵی خۆمان یەکبخەن بۆ ئەوەی گیانی شەهیدەکانمان ئارام بێت.''
  
لە 24ـی نیسانی 1974 کاژێر 10:00ـی بەیانی، چەند فڕۆکەیەکی رژێمی سەدام بۆردوومانی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانییان کرد، کە ئەو کاتە لە شارەکە بوو. بەهۆیەوە 134 هاونیشتیمانی شەهید بوون و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
ئیبراهیم محێدین، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون لە قەڵادزێ دەڵێ ''سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی 1974، کەیسەکە تاوەکو ئێستا وەکو مادەیەکی دەستووری لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەزامەندیی لەسەر نەدراوە.''
 
قەڵادزێ هاوسنوورە لەگەڵ شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی دەروازەی بازرگانیی کێلێیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بەڵام کەمیی هەلی کار و وەستانی پرۆژەکان، هاونیشتیمانیانی شارەکەی نیگەران کردووە.
 
50 ساڵ لەمەوبەر، لە کۆتایی مانگی گوڵان بە چوار فڕۆکەی جۆری سوخۆی لەلایەن رژێمی سەدامەوە لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا ماڵەکانی قەڵادزێ تەختی زەوی کران، دوای تێپەربوونی پێنج دەیە بەسەر ئەو رۆژەدا، ئەوەی زامی کەسوکاری قوربانیانی قوڵتر کردووە، قەرەبوونەکردنەوەیانە لەلایە حکومەتی ئێستای عێراقەوە.