ئاماری فەرمی؛ رۆژانی جەژن 200 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

 
رووداو - ئاکرێ

هاوینەهەواری سیپە لە ئاکرێ پڕ بووە لە گەشتیار. لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا، رۆژانە زیاتر لە هەزار گەشتیار لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ بەسەربردنی جەژن چوونەتە هاوینەهەوارەکە.
 
موهەنەد ستار نزیکەی مانگێکە ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و لەگەڵ هاوژینەکەی بۆ مانگی هەنگوینی هاتوونەتە باشووری کوردستان، ئەو دەڵێت، "ئێمە رۆژانی زۆر خۆشمان بەسەربرد لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر و شنگلبانە؛ شاری یارییەکانی هەولێر زۆر گەورەن و سرووشتەکەی زۆر جوانە."
 
بەپێی ئاماری فەرمی، ژمارەی گەشتیاران لە سێ رۆژی جەژندا لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بووە:
 
سلێمانی: 100 هەزار گەشتیار
هەولێر: نزیکەی 60 هەزار گەشتیار
دهۆک: نزیکەی 15 هەزار گەشتیار
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: زیاتر لە 5000 گەشتیار
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: نزیکەی 20 هەزار گەشتیار
 
بەهۆی زۆریی ژمارەی گەشتیاران، لە رێگەی گەلی زنتا ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبوو. ئەردەوان فارس، خاوەنی شوێنی گەشتیاری دەڵێت، "بەهۆی جەژنەوە قەرەباڵخیی زۆر دروستبووە، رۆژانە 70 بۆ 75 پاسی گەشتیاری هاتوونەتە ئێرە و ئەگەر هەر پاسێک 40 گەشتیاری تێدابێت، دەبێتە زیاتر لە دوو هەزار گەشتیار."
 
ئەو گەشتیارانەی روویان لە پارێزگای دهۆک کردووە، پشکی شێر بەر ئاکرێ کەوتووە؛ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی چوونەتە ئاکرێ لە سێ رۆژی جەژندا زیاتر لە پێنج هەزار گەشتیار بوون.
 
ڤەهێل ئاکرەیی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ دەڵێت، سرووشتی جوانی ئاکرێ و نۆژەنکردنەوەی هاوینەهەوارەکان بوونەتە هۆی ئەوەی کە سەردانی گەشتیاران بۆی زیاد ببێت.
 
ئەگەر هەر گەشتیارێک بۆ بەسەربردنی رۆژانی جەژن هاتبێتە هەرێمی کوردستان و لانیکەم 150 دۆلاری خەرجکردبێت، داهاتی گەشتیاریی ئەو چەند رۆژەی جەژن دەبێتە 30 ملیۆن دۆلار.