لە رۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەس بە هەورەبرووسکە گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین بەشێکی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و لایەنە بەرپرسەکان هۆشداریان بە خەڵک داوە. بەهۆی هەورەبرووسکەشەوە سێ هاونیشتمانی لە پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستان گیانیان لەدەستدا.
شەوی رابردوو، هۆشەنگ کوهەنانی، بەڕێوەبەری ناحیەی کوهەنانی سەر بە شاری کویەشت لە پارێزگای لوڕستان گوتی پیاوێکی 45 ساڵ، کە خەڵکی گوندی شورابەی بەهرام بەیگە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو گوندە، هەورەبرووسکە لێی داوە و بەم هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
کەشناسی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، شەپۆلێکی باران، کە هەورەبرووسکەشی لەگەڵدا دەبێت، دەستیپێکردووە و تاوەکو سێشەممە بەردەوام دەبێت.
مەسعوود قەلعە سفیدی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی پزیشکی کرماشان، بەیانی ئەمڕۆ گوتی: رۆژی یەکشەممە ژنێکی 65 ساڵ، کە خەڵکی سووخوەر سەر بە شاری گیەڵانە، بەهۆی هەورەبرووسکەوە گیانی لەدەستداوە.
بەگوتەی قەلعە سفیدی، هەروەها جووتیارێکی گەنجی گوندی حەسەناوای خواروو، لە ناوچەی دینەوەر سەر بە شاری سەحنەش بە هەورەبرووسکە گیانی لەدەستداوە.