شاڵاو عەلی عەسکەری لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج: یەکێتی و پارتی ئێستا لە قۆناخی شەڕی ناوخۆدان
رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت "یەکێتی و پارتی ئێستا لە قۆناخی شەڕی ناوخۆن و ئەو شەڕەش بە میدیا و هەواڵگری دەکەن"، هۆشداریش دەدات "ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوامبێت، رەنگە دەست بۆ چەک ببەن". بەڕێوبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراقیش پێیوایە "کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی ئەوەندە بچووکە، کە دەکرێ بە گفتوگۆیەکی نیو کاژێری چارەسەر بکرێت".
رۆژی یەکشەممە 23ـی نیسانی 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج میوانداری شاڵاو عەلی عەسكەری، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، د. هەژار عوسمان، پزیشكی پسپۆڕی دەروونی، د. دیار بۆتانی، پسپۆڕی ئابووری سیاسی، د. جوان ئیسماعیل، پڕۆفیسۆری دەروونزانی كۆمەڵایەتی، د. بیلال وەهاب، شرۆڤەكاری ئابووری سیاسی و لێكۆڵەر لە پەیمانگای واشنتن و د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق کرد و لە بەرنامەکەدا خراپیی دۆخی سیاسی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک گەنگەشە کرا.
"یەکێتی و پارتی لە دۆخی شەڕی ناوخۆدان"
شاڵاو عەلی عەسكەری، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی ئێستا گەیشتووەتە ئاستی شەڕی ناوخۆ و دەڵێت "هێشتا دۆخەکە نەگەیشتووەتە قۆناخی بەکارهێنانی چەک، ئەگینا شەڕی هەواڵگری و راگەیاندن لە هەردوولاوە بەردەوامە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبێت، رەنگە بگاتە ئەو رادەیەی چەک بەرامبەر یەکدی بەکاربهێنن".
شاڵاو عەلی عەسکەری هۆکاری ئەم ناکۆکییانە دەگەڕێنێتەوە بۆ حیسابنەکردن بۆ رێککەوتنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان و وەکو ئاماژەی پێدەدات "کاتێک
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات، حیزبەکان رێککەوتنیان لەسەریکرد و دواتر لە دەستبەکاربوونی حکومەت، ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان پارتی و یەکێتی کرابوون، پارتی دیموکراتی کوردستان خاڵەکانی جێبەجێ نەکرد".
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەمتەرخەمیی یەکێتی لەوەدا دەبینێت کە لە سەرەتاوە هەر "سەرپێچی"ـیێکی بینی کە دژی ئەو رێککەوتنە سیاسییەیە، دەبووایە لێی بێدەنگ نەبووایە.
شاڵاو عەلی عەسکەری دەڵێت "لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتەوە سەرۆکوەزیران هەندێک راوێژکاری بۆ خۆی دانا و دەسەڵاتی زۆربەی وەزارەتەکانی وەرگرتەوە و دای بەو راوێژکارانە، واتا حکومەتێکی لەنێو حکومەتدا دروستکرد، دەبووایە لە یەکەم هەنگاوەوە یەکێتی لەو سەرپێچییانە بێدەنگ نەبووایە بۆ ئەوەی دۆخەکە نەگاتە ئێستا".
رێککەوتنی یەکێتی و پارتی
ئەو کارگێڕەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو بڕوایەدایە، ئەگەر پارتی و یەکێتی خۆیان باوەڕیان بە رێککەوتن نەبێت، تروسکاییەک نییە بۆ ئەوەی لایەنێک بێت و بیانگەیەنێتە رێککەوتن، سەرباری ئەو ناکۆکیانەش لەنێوانیاندا هەیە. دەشڵێت، "یەکێتی خەباتی لەپێناو کیانێکدا کردووە و خوێنی بۆی داوە، بەهیچ شێوەیەک ئێمە لەگەڵ دوو هەرێمی لاوازدا نین لە کوردستان".
شاڵاو عەلی عەسکەری لەبارەی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەڵێت "هیچ هیوایەکم پێیان نەبووە" و پێیوایە "ئێستا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و بڕیاری سیاسی چووەتە دەست چەند کەسێکی دیاریکراو".
"یەکێتی و پارتی ناوبژیوانیان ناوێت"
د. بیلال وەهاب، شرۆڤەكاری ئابووریی سیاسی و لێكۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن باسی لەوەکرد، کورد لە دوو قۆناخی دوای شەڕی سارد و شەڕی تیرۆر، دوو هەلی باشی بۆ رەخسا بۆ ئەوەی وەکو کارەکتەرێک لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا رۆڵ ببینێت و دەڵێت، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە قۆناخێک کە بەهۆی هەلومەرجە ناوخۆییەکانی ناتوانێت وەکو پێویست خوێندنەوە بۆ گۆڕانە نێودەوڵەتییەکان بکات.
بەگوتەی د. بیلال وەهاب، تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکردووە ناوبژیوانیان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و تەنیا لە بابەتی هەڵبژاردنەکان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە هاوکاریان بکات، هۆکارەکەش بە بۆچوونی ئەو "هەردوولا پێیانووایە لەو شەڕ و ئاڵۆزییە ناوخۆییە، براوە و لەسەر حەقن".
ئەو لێکۆڵەرەی پەیمانگەی واشنتن پێیوایە هەرێمی کوردستان چەند سوودێکی بۆ ئەمریکا هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێ بەبێ ئەوەی سەربازەکانی لەشەڕدابن، شەڕی داعش بکات و بۆ ئەمەش هاوکاری پێشمەرگە دەکات و لە بەرامبەردا پێشمەرگە شەڕەکە دەکات".
زیاتر روونیدەکاتەوە: "بەشی دووەمی گرنگییەکە پرسی بەهاکانە، بۆ نموونە ئایا دەکرێ بە هەرێمی کوردستان بڵێین دیموکراسییە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت پرسی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەپاشەکشێدایە، لەبەرامبەریشدا حکومەت گلەیی لە کونسوڵی ئەمریکا دەکات و بەشێک لە پەرلەمانتاران داوای گۆڕینی کۆنسوڵ دەکەن و ئەوەش دروستبوونی جۆرێک غروورە".
د. بیلال وەهاب گوتی "جاران کێشەکان لە هەرێمی کوردستان سیاسیی و حیزبی بوون، سەرباری چارەسەرنەبوونی ئەو کێشانە، ئێستا کێشەی دەروونی و تووڕەبوونیشی پێوە زیادبووە، ئەمریکاش هەر ویستوویەتی بە زمانی نەرم لەگەڵیان بدوێ، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوامبێت، ئەوانیش بێزار دەبن".
"پارتی و یەکێتی هیچ گرفتێکی ستراتیژییان نییە"
د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، پێیوایە پارتی و یەکێتی گرفتی ستراتیژییان نییە و دەڵیت: "ئەوروپی و ئەمریکییەکان لەبەرئەوە لە هەرێمی کوردستانن، کۆمەڵێک بەرژەوەندیی بابەتییان هەیە و ئەو بەرژەوەندییانە لە 2003ـوە تائێستا بەردەوامن و هەر بەپێی ئەو بەرژەوەندییانەش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن و کوردستان تاوەکو ئێستا ئەو پێگە ستراتیژییەی هەیە بۆ سیستمی جیهانی".
بەڕێوبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەڵێت، کێشەکانی پارتی و یەکێتی هێندە گەورە نین چارەسەر نەکرێن و گوتی: "هیچ گرفتێکی ستراتیژی ئەوتۆ نابینم کە پارتی و یەکێتی لەیەکدی جیابکاتەوە و رێگربێت لەوەی ئەو دوو حیزبە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و لەماوەی نیو سەعاتدا کۆتایی بە کێشەکانیان بهێنن. واتا کۆمەڵێک گرفتی تەکنیکی لەنێوانیاندا هەیە کە بە نیو سەعات دەتوانن چارەسەریان بکەن".