زانکۆی سەڵاحەدین: سیستمی سارد و گەرمی بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت زۆر کۆنە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت لە هەولێر بەهۆی گرفت لە سیستمی سارد و گەرمی بەشە ناوخۆییەکەیاندا ناڕەزایی دەردەبڕن و بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سەڵاحەدینیش دەڵێت سیستمی سارد و گەرمی بەشە ناوخۆییەکە زۆر کۆنە و هەوڵی چارەسەرکردنیمان داوە.
فەخرەدین عەبدوڵڵا رەسووڵ، بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کۆمەڵگەی بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت زیاتر لە هەزار و 800 خوێندکاری تێدایە کە ئێستا بە شێوەی خشتەی تایبەتی دەوام دەکەن. پار لەبەر ئەوەی دەوام لە بەشە ناوخۆییەکاندا نەکرا، سیستمی سارد و گەرمی کاریان نەکرد، بەو هۆیەیشەوە کۆمەڵێک گرفتی بۆ دروست بوو. هاوکات ئەو سیستمە زۆر کۆنە و هەوڵمان بۆ فێنککردنەوە دا و دوو رۆژ تووشی گرفت بووین تا چارەسەرمان کرد."
بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بەوە دا، کێشەی ئاوی گەرمیشیان هەیە کە بە کارەبا نییە و بە گاز کار دەکات. دابینکردنی گازیش بۆ ئەو کۆمەڵگە گەورەیە لە توانای ئەواندا نییە و دەڵێت: "هەرچەندە بە هەر شێوەیەک بێت ئەویشمان چارەسەر کردووە. بەڵام کارەبا ئەگەر نەبوو، من ناتوانم وەک ئاو بە تەنکەر بۆیان دابین بکەم و پێم ناکرێت."
فەخرەدین عەبدوڵڵا رەسووڵ زانکۆی سەڵاحەدین زیاتر لە چوار هەزار و 500 خوێندکاری لە بەشە ناوخۆییەکاندا هەیە.