تێبینیی پارتی لەسەر هەڵبژاردن لایەنەکانی دیکەشی لە پرۆسەکە سارد کردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
11 رۆژە دەرگەی تۆمارکردنی ناوی حیزب و بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ حیزبێک لیستی ناوی بەربژێرەکانی بۆ لقەکانی کۆمیسیۆن نەگەڕاندووەتەوە.
13ـی ئادار، دەرگەی تۆمارکردنی ناوی حیزب و لیستی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە، رۆژی هەینی 22ـی مانگیش دوایین رۆژ بوو، بەڵام کۆمیسیۆن هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەکەی بۆ 28ـی ئادار درێژکردەوە بۆ گەڕاندنەوەی ناوی بەربژێری لیستی حیزبەکان.
خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24ـی ئادار) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هیچ حیزبێک ناوی بەربژێرەکانی نەگەڕاندووەتەوە، ئەوەی تۆمارکرابێت تەنیا بەربژێرە سەربەخۆکانن."
بۆ پێدانی لیستی ناوی بەربژێرەکان بە کۆمیسیۆن، دەبێت هەر حیزبێک لە بازنەکەی خۆیدا بچێتە لقی کۆمیسیۆن و کۆد وەربگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئۆنلاین فۆڕمەکە پڕبکاتەوە، هەر فۆڕمێکیش پڕکرایەوە، راستەوخۆ دەچێتە بەغدا، بەڵام حیزب یان بەربژێرەکە کۆپییەکی بە چاپ رادەستی لقەکەی کۆمیسیۆن دەکات، دوای لێکۆڵینەوە لە مەرجەکان و دڵنیابوون لەوەی مەرجەکانی تێدایە، لقەکەی کۆمیسیۆن بەڵگەنامەکانی بە فەرمی لێ وەردەگرێت.
بەرپرسێکی باڵا لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دوای بەیاننامەکەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن، رێوشوێنەکانی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردن لاواز و سست بوون؛ تاوەکو ئەمڕۆ یەک حیزب ناوی بەربژێرانی لیستەکەی نەگەڕاندووەتەوە."
هەموو حیزبەکان سەردانی لقەکانی کۆمیسیۆنیان کردووە و کۆدی بەشدارییان وەرگرتووە، بەڵام لیستەکانیان نەگەڕاندووەتەوە و ناوی بەربژێرەکانیان ئاشکرا نەکردووە.
لە سلێمانیش هەمان شێوەی هەولێر و دهۆک هیچ حیزبێک ناوی بەربژێرانی لیستەکەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ لقی سلێمانیی کۆمیسیۆن. بەرپرسێک لە لقەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی هەیە؛ تەنیا بەربژێرە سەربەخۆکانن و حیزبەکان لیستی ناوەکانیان نەگەڕاندووەتەوە".
نەگەڕانەوەی لیستی ناوی بەربژێرەکان لەکاتێکدایە، 18ی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
راگەیێندراوەکەی پارتی هەر کاریگەیی لەسەر حیزبەکان نەبووە، بەڵکو بەربژێرە سەربەخۆکانیشی سارد کردووەتەوە. رووداو زانیویەتی، چەند بەربژێرێک لە هەولێر چوونەتەوە کۆمسیۆن و پرسیویانە، ئەگەر هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت، پارەکەیان دەدەنەوە یان نا.
دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان کە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو بکرێت. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
3ـی ئادار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.