حکومەتی عێراق دەیەوێت لەسەر زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک خانوو دروست بکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتەکانی شارەوانی و بەرگریی عێراق، دەیانەوێ لەسەر رووبەری 4500 دۆنم زەوی کورد و تورکمانی گوندی تۆپزاوە لە کەرکووک، خانوو بۆ ئەفسەر و کارمەندانی هێزە عێراقییەکان دروست بکەن.
ماوەی 60 رۆژە بە عەباس عوسمان دراوە، تاوەکو دەستبەرداری زەوییەکەی بێت، ئەگەرچی تاپۆی رەشی زەوییەکەی هەیە، بەڵام پێیگوتراوە ئەگەر زەوییەکەی رادەستنەکات دەستگیری دەکەن.
عەباس عوسمان، دانیشتوویەکی گوندی تۆپزاوەیە و بە رووداوی راگەیاند: بژێوی ژیانی دیکەمان نییە، جگە لە داهاتی ئەم زەوییە، ئێستا حکومەتی عێراق دەیەوێت لێمان بسێنێت، ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی زەوییەکانین و سبەی دیار نییە کێ دەبێتە خاوەنی، ئێمە بێ پشت و پەناین و کەس نییە بێت بە دەنگمانەوە و ئەوانیش دەیانەوێ دیموگرافیای ناوچەکەمان بگۆڕن و ئێمەش راگوێزان بکەن.
لە دژی بڕیارەکەی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و بەرگریی عێراق، دانیشتووانی گوندەکانی تۆپزاوە و تەرکەڵان خۆپێشاندانیان کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان کرد.
ئەحمەد عەزەددین، دانیشتوویەکی گوندی تەرکەڵانە و دەڵێت: ئەمانە هەموو تاپۆی زەوییەکانمانە لە تۆپزاوە و تەرکەلان و گومەتلەر و تسعین، 20 ساڵە ئێمە ئەم کێشەیەمان هەیە نە چارەسەر و نە یەکلایی دەبێتەوە تاوەکو کەی وابین و نازانین چارەنووسمان چی دەبێت و ئێستا هاتوون دەیانەوێ زەوییەکانمان بکەنە یەکەی نیشتەجێ بوون.
تا ئێستا سێ جار ئەو بڕیارە راگیراوە، بەڵام ئیدارەی کەرکووک نووسراوی بۆ بەغدا کردووە و بڕیارەکەی کاراکردووەتەوە و سوورە لەسەر ئەوەی زەوییەکان لە کورد و تورکمان وەربگرێنەوە.
غەریب عەسکەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی: بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنێکی بنەڕەتی و گەڕاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک، ئەو پارێزگایە هەستیارە و شوێنی نەتەوەکانە و نوێنەرایەتی یەکپارچەیی عێراق دەکات.
زەوی گوندەکانی تۆپزاوە و تەرکەڵان و گومەتلەر، لە ساڵی 1975 بەبڕیاری حکومەتی بەعس دەستیان بەسەرداگیراوە و خرانە سەر وەزارەتەکانی دارایی و شارەوانی و بەرگریی عێراق و دواتر بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکران.