تورکیا بناری قەندیل لە سنووری شارۆچکەکانی سەنگەسەر و وەرتێ بۆردوومان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەکانی تورکیا بناری قەندیلیان لە سنووری هەردوو شارۆچکەکانی سەنگەسەر و وەرتێ بۆردوومان کرد، بەڕێوەبەری شارۆچکەی وەرتێ دەڵێت "بۆردوومانەکان لە ئاوەدانییەکان دوورن".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوباتی 2021 کاژێر 10:00 فڕۆکەی چاودێریی تورکیا گەیشتە ئاسمانی بناری قەندیل و لە کاژێر 12:10 خولەک بۆردوومانی چەند ناوچە و بەرزاییەکی سنوورەکانی کرد.
 
موسلیح زرار، بەڕێوەبەری شارۆچکەی وەرتێ بە رووداوی راگەیاند "سەرەتا بۆردوومانی فڕۆکەی تورکیا بۆسەر بەرزاییەکانی سێکانیان بوو لە چیای کونەکۆتری بناری قەندیل کە ناوچەکە سەر بە ئیدارەی راپەڕینە لە سنووری شارۆچکەی سەنگەسەر".
 
بەڕێوەبەری شارۆچکەی وەرتێ ئاماژەی بەوەش کرد، دواتر هەمان فڕۆکە بەرزاییەکانی چیای دڕەبیی کردە ئامانج و دوو جاری لەسەریەک بۆردوومانی کرد.
 
موسلیح زرار ئەوەشی خستەڕوو، ناوچە بۆردوومانکراوەکان لە ئاوەدانییەکان دوورن و لەم وەرزەدا مەڕدار و جووتیاریشی لێ نییە، "بۆیە هیچ زیانی گیانی و ماڵی نەبووە".