بەشی ڤیزا لە کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر کرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشی ڤیزا لە کۆنسوڵخانەی گشتیی چین کرایەوە و کۆنسوڵی گشتییش دەڵێت، لەمەودوا چیدی پێویست ناکات بۆ داواکاریی ڤیزا هاووڵاتییان بڕۆنە بەغدا یاخود ئیستەنبووڵ.
 
بە ئامادەبوونی باڵیۆزی چین لە عێراق و کۆنسوڵی گشتیی چین و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، بەشی کۆنسوڵگەری لە کۆنسوڵخانەی گشتیی چین کرایەوە، کە بەرپرسیارە لە راپەڕاندنی کارە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان، وەکو داواکاریی ڤیزا.
 
سووی وی، باڵیۆزی چین لە عێراق لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارێک گوتی، کردنەوەی ئەم بەشە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەنێوان چین و هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات.
 

بەپێی کۆنسوڵخانەی چین، ئەو ڤیزایەی دەدرێت تەنیا بازرگانییە و پێویستی بە بانگهێشتنامەی فەرمییە لە چینەوە، کە لەلایەن کۆمپانیا یان حکومەتی چینەوە بێت.

لە 2014 کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر کرایەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هێزی کارەوە خزمەتگوزاریی کۆنسوڵگەری دانەمەزرا. کۆنسوڵی گشتیی چین دەڵێت، "گوێمان بۆ خەڵک گرت و ئەو بەشەشمان کردەوە."
 
کردنەوەی بەشەکە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی چینیشە، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەوانیش پێویست ناکات بۆ نوێکردنەوەی پاسپۆرت بڕۆنە بەغدا و وڵاتانی دراوسێ.
 
پەیوەندییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین زۆر بە خێرایی لە گەشەسەندندایە، پەکین دەستی داوەتە سیاسەتێکی نەرم و دەستپێشخەرییەکانی پێکدێن لە بونیادنان و پەیوەندیی پەروەردەیی و بەیەکبەستنەوەی زانکۆ و قوتابخانە زمانەوانییەکان، پارەدارکردنی رێکخراوە ناحکومییەکان و وزە و گرنگیدان بە ژێرخان و بازرگانی.
 
چین لە چوارچێوەی یەکپارچەیی عێراق مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لە 2022دا قەبارەی بازرگانی لەنێوان چین و عێراق بە 33.77 ملیار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندرا کە ئەمە واتە؛ زیادبوون بە رێژەی 42.10٪ بەراورد بە ساڵی پێشتر. هاوکات هەناردەی چین بۆ عێراق لەو ماوەیەدا بە 8.63 ملیار دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندرا کە ئەمەش واتا زیادبوون بە رێژەی 26.5٪. هاوردەکردنیش لە عێراقەوە بۆ چین گەیشتە 25.14 ملیار دۆلار واتە 48.3٪ زیادیکرد بەراورد بە ساڵێک پێش خۆی.