لەبەر نەبوونی دەفتەر 20 رۆژە نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت راگیراوە


رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 20 رۆژە نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت راگیراوە و بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، هیچ گرفتێکی تەنکنیکی لە هەولێر و بەغدا نییە و لەبەر نەمانی "دەفتەری خام"ـە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 24-01-2023، لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەبەر نەبوونی "دەفتەری خام"، نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت راگیراوە و گوتیشی: "مامەڵەی هاونیشتمانییان لە هەولێر و بەغداش رایی دەکرێن، بەڵام گەڕاندنەوەی پاسپۆرتەکە گرفتی بۆ دروستبووە".
 
لەبارەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشن یان کارێکی تایبەت و زۆر پێویستیان هەیە، لیوا هێرش گوتی: "دەفتەری یەدەگمان بۆ ئەو کەسانە داناوە و بە خێرایی پاسپۆرتیان بۆ دەگەڕێتەوە".
 
نەبوونی دەفتەری خامی پاسپۆرت، نزیکەی 20 رۆژە کێشەی دروستکردووە، بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان "لەم رۆژانەدا چارەسەر دەکرێت".