ئازارەکانی سیدنایا؛ چیرۆکی گەنجێکی کورد کە کەللەسەری شکاوە و یادگەی لەدەست داوە

رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی کورد بە ناوی بەشار ئەحمەد لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەسەد لە گرتووخانەی سیدنایا یادگەی لەدەست داوە و کەللەسەری شکاوە، بە هۆی دەرماننەکردنی، برینەکەی کرمی تێکەوتووە.
 
سەعد عەبدولکەریم، پورزای بەشار ئەحمەدی ئەشکەنجەدراو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشار تەمەنی 19 ساڵان بوو، سەربازی سوپای سووریا بوو لە دێرەزوور، کاتێک بۆ سەردانی خێزانەکەی دەچێتە دیمەشق، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سووریاوە ناتوانێت لە کاتی خۆی بگەڕێتەوە دێرەزوور، لەلایەن هێزی ئەمنییەوە دەستگیرکراوە و دوای 20 رۆژ ئازاد کرا".
 
سەعد عەبدولکەریم هەروەها بە رووداوی گوت،"دوای ئازادکردنی بەشار، ئەو جارێکی دیکە پەیوەندی بە سووپای سووریا دەکات لە دێرەزوور، بەڵام بەرپرسانی سەربازی پێی دەڵێن، بەڵگەکانی ساختەن و ئەشکەنجەی دەدەن".
 
بەشار ئەحمەد لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانی سووریا بە تووندترین شێوە و بە کارەبا ئەشکەنجە دەدرێت.  پوورزای بەشار بە رووداوی گوت،" بەهۆی ئەشکەنجەوە کەللەسەری شکاوە و پارچەیەکی نەماوە، زمانی خوار بووە، ناتوانێت بەڕێدا بڕوات و دەستی دەلەرزێت".
 
بەرپرسانی سەربازی ئەو کات دانیان بەوەدا نەناوە کە بەشار ئەشکەنجە دراوە، بە خێزانەکەی دەڵێن، کارەبا لێی داوە، بەڵام هاوڕێیانی بەشار بە خێزانەکەیان گوتووە، "فەرماندە سەربازییەکە کارەبای لەسەری بەشار داوە".
 
سەعد عەبدولکەریم بەرووداوی گوت، "دوای تێکچوونی تەندروستی، بەشار دەگوازرێتەوە نەخۆشخانەی سەربازی لە دیمەشق، بەڵام دوای ئەوەی خێزانەکەی سۆراخی دەکەن بەرپرسانی نەخۆشخانە پێیان دەڵێن، کوڕەکەیان گیراوە و براوە بۆ گرتووخانەی سیدنایا".
 
بەپێی گوتەی سەعد عەبدولکەریم، "دوو برای بەشار لە لوبنان دەژین، دوای ئەوەی بە رووداوەکە دەزانن هەوڵی دابینکردنی دەرزی و دەرمان بۆ براکەیان دەدەن، بە پارەیەکی زۆر دەرمان دەکڕن و دەنێرنە سووریا، بەڵام بەرپرسانی گرتووخانەی سیدنایا دەرمانەکانی پێ نادەن و دەڵێن، تەنیا پاراستۆڵیان بۆ ناردووی، پێنەدانی دەرمان دەبێتە هۆی ئەوەی بەشار یادگەی لەدەست بدات".
 
زیندانی سیدنایا، لە ساڵانی هەشتاکان لەلایەن حافز ئەسەدەوە دروستکراوە، بە دووریی 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری دیمەشق، دوای نەمانی بەشار ئەسەد، دەرگای ئەو زیندانە کرایەوە و زۆر کەس رزگاریان بوو، بەڵام بەشار نەیتوانی بە خێزانەکەی بگات.
 
بەرپرسانی دەستەی تەحریر شام دوای دەرکردنی لە گرتووخانەی سیدنایا دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە ئیدلب.
 
رەسمیە محەممەد، دایکی بەشار و ئیلهام ئەحمەد خوشکی بەشار لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17ی تۆڕی میدیایی رووداو بە رووداویان گوت، "بەشار ئێستا لە نەخۆشخانەیە لە ئیدلب، بە هۆی ئەشکەنجەوە کەللەسەری شکاوە، کرمی تێکەوتووە، ئەو ناتوانێت بجووڵێت و کەس ناناسێت، پێویستی بە نەشتەرگەری گۆڕینی ئێسکی کەللەسەری هەیە".
 
ئیلهام ئەحمەد، خوشکی بەشار بە رووداوی گوت، "بەشار بە کارەبا ئەشکەنجە دراوە، دوای ئەوەی گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی سیدنایا، لەوێش ئەشکەنجە دراوە و ئێستا یادگەی لەدەست داوە".
 
بنەماڵەی بەشار دەڵێن پێویستیان بە هاوکاریی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن نەشتەرگەری کەللەسەری بۆ بکەن.