تاقیکردنەوە دەستیپێدەکات و لە بەشێکی قوتابخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی بەشێکی مامۆستایان بەردەوامە. بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات لە سلێمانی دەڵێت، لە ناوەندی شار زۆرینەی قوتابخانەکان کراوەن و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان کۆتایی وەرزی یەکەم دەکەن.
ئاوات محەممەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 23-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بایکۆت لە قوتابخانەکانی سلێمانی و قەزا و ناحییەکانی سنوورەکە بەردەوامە. مامۆستا توانای دابینکردنی کرێی هاتووچۆشی نەماوە چۆن بتوانێت دەوام بکات."
لە نێوەڕاستی هەفتەی رابردوو لیستی مووچەی مانگی 10 راگەیێندرا، بە گوتەی ئەو مامۆستایە، بە وەرگرتنی ئەو مووچەیە بایکۆتیان نەشکاندووە. دەشڵێت، "لە ئەگەری پێدانی مووچەی مانگی 11دا پێدەچێت مامۆستایان بگەڕێنەوە قوتابخانەکان".
هەر ئەمڕۆ فەرهاد قادر، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بایکۆتی لە بەشێکی مامۆستایان بەردەوامە و هەندێک مامۆستاش دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی 10 گەڕاونەتەوە قوتابخانەکان".
مامۆستایان چاوەڕوانی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 دەکەن بۆ گەڕانەوە و ئاساییبوونەوەی دەوام، ئەوەش بە گوتەی فەرهاد قادر.
تریفە محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات لە سلێمانی دەڵێت، "بەشێکی زۆری مامۆستایان گەڕاونەتەوە بۆ دەوام لە سنوورەکەی ئێمە و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم دەکەن".
بڕیارە سەرەتای ساڵی نوێ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
لە سلێمانی دوو پەروەردە هەن، رۆژهەڵات و رۆژئاوا. بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات لە قسەکانی ئەمڕۆیدا بۆ رووداوی ئاماژەی بەوەشکرد، "بایکۆتیش هەر ماوە و هەندێک مامۆستا هەن نەگەڕاونەتەوە بۆ دەوام".
بەشێکی ئەو مامۆستایانەی بایکۆتیان کردووە، وەکو تریفە محەممەد باسی دەکات، "زۆربەیان گرێبەستەکانن، کە تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 10یان وەرنەگرتووە."
لە سەنتەری شارەکان زۆرینەی قوتابخانەکان لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کراوەن، بەڵام زۆرینەی قوتابخانەکانی دەرەوەی شارەکان بەهۆی بایکۆتەوە داخراون.
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران، دەوامکردن ئاساییە.
ساڵی رابردوو لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی ئەم ساڵ درێژەی کێشا.
کێشەی ساڵانەی بایکۆتی مامۆستایان، ناجێگیریی دابەشکردنی مووچەیە، ئێستا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەدرێت و شاندی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی زامنکردنی موووچەی مانگی 11 دان بۆ مووچەخۆران.