سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی رۆما دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی عێراق، پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر - بەغدا و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، جۆرجیا میلۆنی بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی ئیتاڵیا کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 23-12-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کرد. جۆرجیا میلۆنی دوو مانگە وەکو سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەستبەکاربووە و ئەمە یەکەم سەردانییەتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵیى خۆی به سه‌ردانه‌كه‌ی میلۆنی، "پيرۆزبايی كريسمس و سه‌ركه‌وتن و وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكوه‌زيرانى له خاتوو ميلۆنى كرد، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئيتاڵيا دووپاتكرده‌وه بۆ هاريكارى و پشتگيريى سه‌ربازى و سياسى و مرۆيى و هاريكارى هاوبه‌شى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا."
وەک نەریتێکی ساڵانە، لە کریسمسدا سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات؛ ئەمساڵ ئەو سەربازانە بەسەردەکاتەوە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن.
ئیتاڵیا لە ساڵی 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە؛ ئیتاڵیا 900 راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەن کە زۆربەیان لە هەولێرن.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆبوونەوەکەدا "دووپاتیكرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ى گرنگييه‌كى تايبه‌ت به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌دات" و به‌هێزى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستانى بۆ عێراق و ناوچه‌كه به گرنگ زانى.
هه‌روه‌ها سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆبوونەوەکەدا "پشتگريى وڵاته‌كه‌ى بۆ گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ربڕى" و لەوبارەیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان "دووپاتیكرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه هه‌موو كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا به گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات."
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڕەشەکانی داعش و پاراستنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەوبارەوە "هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه هێشتا داعش مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و سووريا، بۆيه عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێويستييان به به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تييه بۆ له‌ناوبردنى يه‌كجاريه‌كيى داعش، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاڵيا و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌ش له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی رۆما کردووە.