سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گەیشتە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دوای سەردانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی سەربازەکانی ئیتاڵیا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
رۆژی هەینی 23-12-2022، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
پێشوازیکردنی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 23, 2022
وێنە: بڵند تاهیر - رووداو pic.twitter.com/y6IeHelxwn
جۆرجیا میلۆنی دوو مانگە وەکو سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەستبەکاربووە و ئەمە یەکەم سەردانێتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە و دواتر سەردانی سەربازەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان بکات.
وەک نەریتێکی ساڵانە، لە کریسمسدا سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات، ئەمساڵ ئەو سەربازانە بەسەردەکاتەوە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن.
ئیتاڵیا لە ساڵی 2014ەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشە، 900 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەن کە زۆربەیان لە هەولێرن، بەشێکیان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەن و بەشێکی دیکەیان وەکو راهێنەر و راوێژکار هاوکاری پێشمەرگە دەکەن.
ئیتاڵیا لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، هاوئاهەنگی و هاوکارییەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە راگرت، بەڵام بڕیارە لە ساڵی 2023 دەستپێبکەنەوە.
چەندیینجار و لە چەندین وێستگەدا بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە نێویاندا ماتیۆ رێنزی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا کە لە 20ی ئابی 2014 بە یاوەری شاندێکی باڵا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا هەیە، هەرچەند پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و رۆما پەیوەندی تازەنین، بەڵکو مێژووی ئەو پەیوەندییانە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ دوای 2003 دەگەڕێنەوە.
هەولێر و رۆما لە تەممووزی 2017 رێککەوتنێکی ژینگەییان واژۆکرد، لەو رێککەوتنەدا ئیتاڵیا بەڵێنی هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیدا لە هاوکاریکردنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
ئیتاڵیا لە کانوونی دووەمی 2015ـەوە تاوەکو ئەیلوولی 2020 بە هاوبەشی لەگەڵ ئەڵمانیا ئەم مەشق و راهێنانەی خوارەوەی بە پێشمەرگە دان:
- هێرشبردن و بەرگریکردنی پیادە
- بەکارهێنانی دژەتانک
- بەکارهێنانی تۆپ و هاوەن
- بەکارهێنانی نیشانشکێنی (قەناس)
- فریاگوزاریی پزیشکیی سەرەتایی
- پووچەڵکردنەوە و خۆپاراستن لە مین و بۆمبی چێندراو