کۆمیسیۆن: ئەگەری هەیە سبەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەگەری هەیە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆببێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند بکات.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 23-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکەم کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەت بە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "ئەگەری هەیە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەکە بکرێت و تێیدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند بکات."
 
18ی تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ـی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ـی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
 
ژمارەی کورسیی لایەنەکان بەمشێوەیە:
 
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
رەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی