رووداو دیجیتاڵ
دوای دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارۆچکەی پلوور لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، خۆپێشاندان و گردبوونەوە لەو پارێزگایە و خارپێت قەدەخە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگاکان، لە سنووری پارێزگای دێرسم بۆ 10 رۆژ و لە خارپێتیش بۆ 7 رۆژ ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپێشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه و خێوهتههڵدان قەدەخەیە.
بڕیاری قەدەخەکە لە پارێزگای دێرسم ئێستا کارایە و تاوەکو 1ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت؛ لە پارێزگای خارپێتیش لە ئەمڕۆ شەممە 23ی تشرینی دووەمەوە بڕیارەکە کارایە و تاوەکو 29ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لە راگەیێندراوەکانی ئەو دوو پارێزگایەدا هۆکاری قەدەخەکردنەکە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێوخۆیی، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رێگری لە سەرهەڵدانی تووندوتیژی گەڕێندراوەتەوە.
رۆژی 20ی تشرینی دووەم، سزای 6 ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن بەسەر جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسم کە سەر بە دەم پارتییە و مستەفا ساریگول، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی پلووری دێرسم کە سەر بە جەهەپە لەلایەن دادگەی سزا قورسەکانی دێرسمەوە بە تۆمەتی ئەندامێتی "پەکەکە" سەپێندرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رۆژی 22ـی تشرینی دووەم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو سزایەوە سەرۆکی ئەو دوو شارەوانییە لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە و لە شوێنیان پارێزگاری دێرسم و قایمقامی شارۆچکەی پلور دانران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ