دوو رۆژنامەڤانی رووداو لە باکووری کوردستان و تورکیا خەڵات کران
رووداو دیجیتاڵ
"دەنگێک لەژێر داروپەردووەکاندا نابیسترێت" و "ئازەربایجان و ئەرمەنستان شەڕیان کرد؛ کورد ئاوارە بوون"، ناونیشانی دوو راپۆرتە هەواڵی ڤیدیۆیی رۆژنامەڤانانی رووداون کە لە باکووری کوردستان و تورکیا خەڵات وەردەگرن.
(کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی باشوور-رۆژھەڵات) لە تورکیا ناسراو بە GGC، پێش بەڕێوەچوونی 38ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی، ناوی براوەکانی ئاشکرا کرد و لەنێویاندا هەریەکە لە عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو لە ئامەد و شەوکەت هەرکی، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە ئەنقەرە هەن.
راپۆرتێکی ڤیدیۆیی عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد بەناوی "دەنگێک لەژێر داروپەردووەکاندا نابیسترێت"، خەڵاتی باشترین هەواڵی کوردی وەرگرت.
راپۆرتێکی ڤیدیۆیی شەوکەت هەرکی، بەرپرسی نووسینگەی رووداویش لە ئەنقەرە لەژێر ناوی "ئازەربایجان و ئەرمەنستان شەڕیان کرد؛ کورد ئاوارە بوون" وەک براوەیەکی دیکەی خەڵاتەکە دیاریکرا.
نێوەڕۆکی ئەو راپۆرتانەی خەڵاتیان بردووەتەوە
لە راپۆرتی "دەنگێک لەژێر داروپەردووەکاندا نابیسترێت"، عەبدلسەلام ئاکنجی باس لە ژیان و گیانلەدەستدانی دەنگبێژی ناسراوی باکووری کوردستان محەممەد نەنیاسی دەکات.
ئەو هاونیشتمانییە لە بوومەلەرزەکەی 06ـی شوباتی 2023 لە مەرەشی باکووری کوردستان لەگەڵ هاوژین و سێ منداڵی گیانی لەدەستدا.
13ـی شوباتی هەمان ساڵ تەرمی هاوژین و سێ منداڵەکەی محەممەد نەنیاسی دۆزرایەوە و دەرهێندرا، بەڵام تەرمی هونەرمەندەکە چەند رۆژێک دواتر لەژێر داروپەردووی ماڵە رووخاوەکەیدا دۆزرایەوە.
هەروەها شەوکەت هەرکی راپۆرتی ڤیدیۆیی "ئازەربایجان و ئەرمەنستان شەڕیان کرد؛ کورد ئاوارە بوون" ئامادە کردووە، ئەوەش کاتێک رووماڵی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەی دەکرد.
پەیامنێر ساڵی 2023 چووە ناوچەی لاچین کە وەک پایتەختی کوردستانی سوور ناودەبرێت و نزیک شاری باکووی پایتەختی ئازەربایجانە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن.
شەوکەت هەرکی ئەو ساڵە چووە ناوچەکانی جەنگی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان، ئەویش رووداوەکانی بۆ بینەرانی کوردستان و جیهان گواستەوە و لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد، دوو وڵاتی دوور لە کوردستان شەڕ دەکەن و بەو هۆیەوە کورد ئاوارە دەبن.