تورکیا 47 هەزار نەمام دەداتە هەرێمی کوردستان و لە هەولێرەوە دەست بە چاندنیان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەڵمەتێکدا بە ناونیشانی "نەفەس" 47 هەزار نەمامی سنەوبەر و لە هەرێمی کوردستان دەچێندرێت، سەرەتا هەڵمەتەکە لە کەسنەزانی هەولێرەوە دەستیپێکرد و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو هەڵمەتەکە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. 
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵمەتەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەڵمەتە جیایە لە تەواوی هەڵمەتەکانی دیکەی چاندنی نەمام، چونکە وڵاتێکی دراوسێ بە پێدانی ژمارەیەکی زۆری دار هاوکاری کردووین چاوەڕێ دەکرێت لە زۆربەی شار و سارۆچکەکان دار بچێندرێت."
 
دارەکان لە جۆری سنەوبەر و بەڕوون، تەمەنیان سەرووی چوار ساڵە و بە بەژنوو باڵان، وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا بێ بەرامبەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی داون، 10 هەزار نەمام گەیشتووە و 37 هەزار نەمامی دیکەش لە ماوەی یەک مانگدا دەگات.
 
مەهدی ئەکار، وەزیری پێشووی کشتوکاڵی تورکیا بە رووداوی گوت، "لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و زۆر بواری دیکە هاوکار دەبین و بەم هاوکاریەشمان دەخوازین ژینگەی هەولێر زیاتر سەوز بێت و ئێرە ببێتە دارستانێکی جوان."
 
درەختەکان لەو شوێنانە دەچێنرێت کە سەوزاییان نییە یان کەمە، بۆ راگرتنی پارسەنگی ژینگەیی و پاراستن و سەوزکردنی ئەو ناوچانە. 
 
هونەر شێخ کەمال، لێپرسراوی دارستانی کەسنەزان لەبارەی هەڵمەتەکەوە گوتی، "ژمارەیەک کرێکارمان بۆ گیراوە کە شارەزای باشیان هەیە لە دارستان و چاندنی دار و هەڵکەندنی قۆڵت و هەڵپارداونیان و هەموو کارە رەزگەریەکان."
 
ساڵانە هەڵمەتی هاوشێوە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن، بەڵام سووتانی پوش و پاوان، کەمی ئاودان و پێراگەیشتنیان ژمارەیەکی زۆر لە دارەکانی دارستانە دەستکردەکان وشک دەبن.