پێشانگەی کتێب لە سلێمانی.. بە 5 رۆژ زیاتر لە 70 هەزار کەس سەردانیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی رایدەگەیێنێت کە بە پێنج رۆژ زیاد لە 70 هەزار کەس سەردانی پێشانگەکەیان کردووە.
پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی رۆژی 2021/11/18 کرایەوە کە زیاتر لە سێ ملیۆن کتێب لە 15 وڵاتی جیهان و 400 هەزار ناونیشان بە 20 زمانی جیاواز خراونەتە بەردەست خوێنەران.
مەڕوان حەمەخورشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "رادەی پێشوازیی هاوڕێیانی کتێب لە ئاستێکدایە کە زۆر موژدەبەخش و جێگای دڵخۆشیە، بە جۆرێک تەنیا لە 5 رۆژی کردنەوەیدا زیاتر لە 70 هەزار کەس سەردانیان کردووە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پێشانگە ئاماژەی بەوە دا کە ئەمساڵیش وەکو هەموو ساڵانی رابردوو داوایان لە ناوەند و دەزگا و کتێبخانەکان کردووە کە کتێبەکانیان بە نرخێکی گونجاو بێت و جیاواز لە نرخی بازاڕ بێت و داشکاندن بکەن تاوەکو ئەو هاونیشتیمانیانەی دێنە پێشانگاکە و رێگەیەکی دوور دەبڕن بتوانن بە نرخێکی کەمتر ئەو سەرچاوانەیان دەست بکەوێت.
ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەی خستەڕوو کە زۆربەی دەزگا و ناوەند و کتێبفرۆشییەکان بە رێژەی 30%، 40% و 50% داشکانیان بۆ بەرهەمەکانیان کردووە.
لەبارەی جیاوازیی پێشانگاکە لە چاو ساڵانی رابردوو، مەروان حەمە خورشید گوتی: "بەدەمەوەهاتنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئەمساڵ بە چاودێریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و ئامادە بوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوان و وەزیری پەروەردە و بەدەمەوەهاتنی خەڵک لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان و بەشداریکردنی زیاتر لە 200 ناوەند و دەزگا و کتێبخانە خاڵی گەورەی جیاوزی پێشانگە ئەمساڵن."
رۆژانە لە پێشانگەدا دوو-سێ چالاکی و کۆڕی رۆشنبیریسازدەکرێن. بڕیار وایە رۆژی سێشەممە 2021/11/23 کە رۆژی شەشەمی پێشانگاکەیە کاژێر 02:00ی دواینیوەڕۆ رێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان پێشانگەیەکی تایبەتی شێوەکاری بۆ مناڵان بکاتەوە. دواتر کۆڕێکی رۆشنبیری بۆ چوار نووسەری منداڵ سازدەکرێت کە نووسەری شیعر و چێرۆکن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی پێشانگەکە، ئەمساڵ بەراورد بە تەمەنەکانی دیکە زیاتر گەنجان سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب دەکەن کە ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە نەوەی تازە هێشتا هاوڕێی کتێبە، بەم بۆنەیەوە لە کۆتا رۆژی پێشانگاکەدا 3 لاوترین نووسەری ساڵ لەلایەن رێخەرانی پێشانگەکەوە خەڵات دەکرێن کە تەمەنیان لە 18 بۆ 25 ساڵە.
مەروان حەمەخورشید گوتی: "ژمارەیەکی زۆر بەرهەم و چاپکراوی ئەو تەمەنانەمان بۆ نێردراوە کە لەلایەن لیژنەیەکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و یەکەم و دووەم و سێیەم هەڵدەبژێردرێن و خەڵات دەکرێن کە ئەمە هاندانی گەنجان و لاوانە بۆ نووسین و خوێندەوە."
ساڵانە دوای تەواوبوونی پێشانگەی کتێب ئامارەکانی پڕفرۆشترین بابەت و کتێب لەلایەن سەرپەرشتیارانی پێشانگاکەوە دەخرێتەڕوو. بۆ ئەمساڵیش چاوەڕێ دەکرێت خەڵک زیاتر روو لە کڕینی کتێبە کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکان و رۆمان بکەن، جگە لەوەی کە کتێبە سیاسییەکانیش خواستی زۆریان لەسەرە.
لەبارەی کردنەوەی پێشانگەکە لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان جیا لە شاری سلێمانی، مەڕوان حەمەخورشید رایگەیاند: "وەکو کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیڵ مۆڵەتە یاساییەکەمان بۆ بەستنی کۆنگرە و رێکخستنی پێشانگەی بازرگانییە. ئەوە لە ئەجێندای کارەکانمانە کە لە ساڵانی داهاتوودا بتوانین لە کۆی شارەکانی عێراق پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب بەم شێوە سەرکەوتووە بەڕێوەبەرین. لە پلانمان دایە لە دوای تەواوبوونی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی لە نەینەوایش پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب بکەینەوە."
پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی لە 2021/11/18 دەستی پێکردووە و تا 2021/11/27 دەخایەنێت. رۆژانە لە کاژێر 10:00ی بەیانی تاوەکو 07:00ـی شەو پێشوازی لە خوێنەرانی کتێب دەکرێت.