عەلی حوسێن: پێمان وایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت پارتی دەبن


رووداو دیجیتاڵ 
 
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە پێشوازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پارتی پێی وایە دەبێت پۆستەکانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشکی حیزبەکە بن. 
 
رۆژانی 18 و 20ـی ئەم مانگە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 100 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆن، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسیی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە. حیزبی دووەمیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە 23 کورسی بەدەستهێناوە.
 
عەلی حوسێن، بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22-10-2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، هەڵبژاردن بە ئارامی و بەبێ گرفت تێپەڕی و ئەوەش بۆ "سومعە، پێگە و ئەزموونی هەرێمی کوردستان" گرنگ بوو. عەلی حوسێن گوتی، بابەتی "زۆر گرنگ" ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد.  
 
ئێستا هەموو لایەک باسی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دەکات کە دوای پەسندکردنی فەرمیی ئەنجامی هەڵبژاردن ئەو پرۆسەیەش دەست پێدەکات. 
 
رۆژنامەڤانێک لە عەلی حوسێنی پرسی، زۆر دڵنیایی دەدەن لەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کابینەی دەیەم دەبێت. ئەی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێن چی؟ ئەو بابەتە پێویستی بە دانوستاندنە یان دڵنیاییتان هەیە کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت؟
 
عەلی حوسێن لە وەڵامدا گوتی، "پێمان وایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت هەردووکیان پارتی دیموکراتی کوردستان بن، چونکە پێگەی پارتی ئەو پێگەیەیە کە بتوانێت سەرۆکایەتیی کوردستان لە هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات."
 
رۆژی 20ی مانگ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، دۆخی کوردستان چاک دەکەن. عەلی حوسێنیش لە وەڵامی ئەو هەڵوێستەدا گوتی، "ئێمە هەموومان لەگەڵ چاککردنداین."
 
 
تەواوی قسەکانی عەلی حوسێن