بایۆمەتریی مامۆستایانی گرێبەست بەشێوەیەکی کاتی راگیرا

رووداو دیجیتاڵ

دوو نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست و سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە رایانگەیاند بایۆمەتریی مامۆستایانی گرێبەست بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2024) سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بایۆمەتریی مامۆستایانی گرێبەست بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا لۆد لەسەر بانکەکان هەیە، چونکە بایۆمەتریی خانەنشینان رایی دەکەن."
 
عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بایۆمەتریی مامۆستایانی گرێبەست بۆ کاتێکی نادیار راگیرا، تاوەکو بایۆمەتریی UPNـی خانەنشینان (UPN واتا ژمارەی بێهاوتای تاکەکەسی کە لە 13 ژمارە پێکدێت) کۆتایی دێت، دواتر مامۆستایانی گرێبەست بایۆمەترییان بۆ دەکرێت."
 
هەرچەندە وا بڕیار بوو، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی کرانە گرێبەست، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە، مووچەیان دابەش بکرێت، بەڵام تائێستا وەریاننەگرتووە. عەلی رەئووف دەڵێت "خەرجنەکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست هیچ پەیوەندیی بە رێکارەکان و نەکردنی بایۆمەترییەوە نییە، لەهەوڵداین بەزووترین کات مووچەی مانگی ئەیلوول دابەشبکرێت."
 
هەروەها کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری وانەبێژان بە رووداوی گوت "مامۆستایانی وانەبێژ رێکارەکانی بوون بە گرێبەستیان لە وەزارەتی پەروەردە تەواوکرد، بۆ  بایۆمەتری، UPN سەردانی بانکەکان دەکەن، بەڵام بانکەکان لۆدی زۆریان لەسەرە بەهۆی بایۆمەتریی خانەنشیان، بۆیە بایۆمەتری مامۆستایانی گرێبەست بە شێوەیەکی کاتی بۆ ماوەیەکی کورت راگیراوە."
 
25ـی ئابی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست. 
 
لە 2ـی تشرینی یەکەمی 2024، رێکارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستیانپێکرد، 7ـی تشرینی دووەم، رێکارەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانیش دەستیانپێکرد.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 38 هەزار وانەبێژ بوو، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینار بوو. بەڵام دوای بە گرێبەستکردنیان، مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 18 ملیار و 200 ملیۆن دینار دەبێت.