ئەو مەلایانەی خۆیان بەربژێر کردبوو، هیچیان دەرنەچوون
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی 21 مەلا، کە لەسەر لیستە جیاوازەکان خۆیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەربژێر کردبوو، هیچیان دەرنەچوون. لە کاتێکدا لە خولی رابردووی پەرلەمان پێنج مەلا بوونە پەرلەمانتار.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی 190 بەربژێر لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، شەش مەلای بەربژێر کردبوو، کە سێیان لە بازنەی هەولێر بوون، ئەوانیش: مەلا عیمادەدین مەلا فائیز، عەبدولباست بالیسانی و مەلا عەبدولعەزیز مەنتک. لە بازنەی دهۆکیش سێ مەلا لەسەر لیستی پارتی بەربژێربوون، ئەوانیش مەلا خدر ئیسلام، مەلا عەبدولقەهار نەسرەت و مەلا حوسێن نایف، بەڵام هیچیان دەرنەچوون.
دەنگی مەلا بەربژێرەکان لەسەر لیستی پارتی:
- مەلا عەبدولعەزیز جەبار مەنتک، بازنەی هەولێر؛ 1949 دەنگ.
- مەلا عەبدولباست بالیسانی، بازنەی هەولێر؛ 1164 دەنگ.
- مەلا عیمادەدین مەلا فائیز، بازنەی هەولێر؛ 830 دەنگ.
- مەلا خدر ئیسلام، بازنەی دهۆک، 8,810 دەنگ (بەهۆی کۆتای ژنان دەرنەچوو).
- مەلا عەبدولقەهار نەسرەت؛ بازنەی دهۆک، 6131 دەنگ
- مەلا حوسێن نایف، بازنەی دهۆک؛ 4,274 دەنگ.
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سێ پەرلەمانتاری پارتی مەلا بوون، ئەوانیش: مەلا ئیحسان رێکانی، مەلا جیهاد حەسەن و مەلا وەیسی سەعید.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە کۆی 160 بەربژێر، سێ مامۆستای ئایینی بەربژێرکردبوو، هەرسێکیان لە بازنەی سلێمانی بوون، ئەوانیش مەلا ئیدریس ژاڵەیی، مەلا حوسێن دووکانی و مەلا عەبدوڵڵا وەسمان ئادەم بوون، بەڵام دەنگی پێویستیان نەهێنا و نەگەیشتنە پەرلەمان.
دەنگی مەلا بەربژێرەکان لەسەر لیستی یەکێتی:
- مەلا ئیدریس ژاڵەیی، بازنەی سلێمانی؛ 3,490 دەنگ
- مەلا حەسەن دووکانی، بازنەی سلێمانی؛ 1,613
- مەلا عەبدوڵلا وەسمان ئادەم، بازنەی سلێمانی: 1,001 دەنگ
نەوەی نوی، یەک مەلای لە بازنەی هەولێر بەربژێر کردبوو بەناوی عوسمان شێرەیی، بەڵام دەرنەچوو.
- عوسمان شێرەیی، بازنەی هەولێر؛ 2,327 دەنگ.
یەکگرتووى ئیسلامیی کوردستان لە سێ بازنەى هەڵبژاردن 6 مامۆستای ئایینی بەربژێر کردبوو، ئەوانیش مەلا رەشید خانۆ و مەلا شاکر محەممەد لە بازنەی دهۆک، مەلا ئیسماعیل محەممەد و مەلا ئیدریس کەریم، هێمن محەممەد لە بازنەی هەولێر، د. ئومێد محەممەد قادر لە بازنەی سلێمانی.
دەنگی مەلا بەربژێرەکان لەسەر لیستی یەکگرتوو:
- مەلا شاکر محەممەد، لە بازنەی دهۆک؛ 429 دەنگ.
- مەلا رەشید خانۆ، لە بازنەی دهۆک؛ 427 دەنگ.
- مەلا ئیسماعیل محەممەد، بازنەی هەولێر؛ 1,842 دەنگ.
- مەلا هێمن محەممەد، بازنەی هەولێر؛ 1,332 دەنگ.
- مەلا ئیدریس کەریم، بازنەی هەولێر؛ 751 دەنگ.
- مەلا ئومێد محەممەد قادر، بازنەی سلێمانی؛ 533 دەنگ.
کۆمەڵی دادگەری کوردستان سێ مەلای بەربژێر کردبوو، ئەوانیش مەلا عەنتەر عیسا، لە بازنەى دهۆک سەرۆکى لیستى کۆمەڵى دادگەری بوو. ئەحمەد سۆفى حامد لە بازنەى هەولێر و مەلا عەبدوڵڵا قوڕقوڕەیی لە بازنەى سلێمانى، بەڵام دەرنەچوون.
دەنگی مەلا بەربژێرەکان لەسەر لیستی کۆمەڵ:
- مەلا عەنتەر عیسا، بازنەى دهۆک؛ 2,451 دەنگ.
- ئەحمەد سۆفى حامد، بازنەى هەولێر؛ 2,210 دەنگ.
- مەلا عەبدوڵڵا قوڕقوڕەیی، بازنەى سلێمانى؛ 543 دەنگ.
لە خولی رابردوو هەر یەک لە مەلا عوسمان کانی کوردەیی و مەلا هەورامان گەچێنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بوون.
بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان یەک مەلای بەربژێر کربوو، ئەویش مەلا ئەبوبەکر ئەحمەد بوو لە بازنەى سلێمانی، کە بە مەلا خەتاب ناسراوە، بەڵام بزووتنەوە هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا.
- مەلا ئەبوبەکر ئەحمەد، بازنەی سلێمانی، 119 دەنگ.