لیژنەیەکی خوێندنی باڵا پێداچوونەوە و وردبینی لە ناوی مامۆستایانی وانەبێژ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، بڕیاری داوە بە پێکهێنانى لێژنەیەکى باڵا و تایبەت بەمەبەستى پێداچوونەوە و وردبینیکردنى ناو و سەرەتاکانى سەرجەم مامۆستایانى وانەبێژى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.
 
د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامانج لە پێکهێنانى ئەم لێژنە باڵایە وردبینى و پێداچوونەوەیە بە ناوى سەرجەم ئەو وانەبێژانەى کە بە گشتاندنمان بە ژمارە (17338) لە رێکەوتى (4/ 9/ 2024) لە زانکۆکانى کوردستان داواکراوە و بە نووسراوى زانکۆکان ئاراستەى وەزارەتەکەمان کراوە و رەزامەندى دارایی بۆ بەگرێبەستبوونیان دەرچووە".
 
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانیان وەکو وەزیری خوێندنی باڵا باسی کرد، دڵنیابوونەوەى سەرجەم وانەبێژانى هەرێمى کوردستانە لە راستى و دروستى ناوەکانیان بۆ ئەوەی "بە بێ جیاوازى و لە چوارچێوەى رێنماییەکاندا سەرجەم وانەبێژانى سودمەند بگەن بە مافى ئاسایی و یاسایی خۆیان کە ئەویش دەرچوونى فەرمانى بە گرێبەستبوونیانە".
 
فەرمانە وەزارییەکە بە ژمارە (2557) ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-10-2024، دەرکراوە و وەزیری خوێندنی باڵا واژۆی لەسەر کردووە.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەرى گشتیى کارگێڕى و دارایی لە دیوانى وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرۆکایەتیى لیژنەکە دەکات و هەریەکە لە بەڕێوەبەرانى تایبەتمەندى وەزارەت، دەبنە ئەندام لە لیژنەکەدا و هەر ئەمڕۆ لیژنەکە یەکەمین کۆبونەوەى خۆى دەستپێکرد.