کەی پەرلەمانی کوردستان یەکەم دانیشتن دەکات و کێ سەرپەرشتیی دەکات؟
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و ئەنجامە بەراییەکان بڵاوکرانەوە. راوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، یەکەم کۆبوونەوە بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەی دەبات و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەکاتەوە.
18 و 20ی ئەم مانگە هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. رۆژی 21ی مانگیش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی راگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆتایی بڵاوبکاتەوە و پەسندی بکات.
لەبارەی یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، وریا سەعدی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی کۆمیسیۆن ئەنجامەکەی پەسند کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات لە 10 رۆژدا یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بکرێت."
کێ یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەدەبات؟
وریا سەعدی دەڵێت، بەگوێرەی یاسا، دوای سوێندخواردنی بەربژێرە سەرکەوتووەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان کۆبوونەوە بەڕێوەدەبات و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆک و سکرتێر دەکاتەوە.
بەگوێرەی ئەنجامی کۆمیسیۆن، محەممەد سلێمان محەممەد، بەربژێری سەرکەوتووی نەوەی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەتەمەنترین بەربژێری سەرکەوتووە و یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبات.
راوێژکارەکەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "بەگوێرەی یاسا، دەبێت لە یەکەم کۆبوونەوەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە رێککەوتنی سیاسیی پێویست بوو، ئەوە وەکو نەریتێکی لێهاتووە کە کۆبوونەوەی پەرلەمان بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە تاوەکو لایەنەکان رێکدەکەون."
پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان: بە دەنگی زۆرینەی رەها دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت
لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا باس لە یەکەم کۆبوونەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کراوە و تێیدا هاتووە، "دەبێت لە سێ کەسی لە دەستەی سەرۆکایەتیدا لانیکەم یەکێکیان ئافرەت بێت."
لە بڕگەی دووەمی مادەی 11ی پەیڕەوی نێوخۆدا هاتووە، "بەتەمەنترین بەربژێری دەرچووی ئامادەبوو لەلایەن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە بانگهێشت دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەکەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی."
لە مادەی 12دا هاتووە، سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات، پاشان بەربژێرە سەرکەوتووەکان سوێند دەخوێن.
بەگوێرەی پەیڕەو، سوێندخواردنی بەربژێران، ئەم سوێندەیە "بە خودای گەورە سوێند دەخۆم کە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و یەکێتیی خاک، گەل، شکۆ، ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییان و سامانی گشتی بپارێزم و ئەرکی ئەندامێتی بە راستی و دڵسۆزییەوە جێبەجێ دەکەم."
بەگوێرەی بڕگەی 01ـی مادەی 13ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، بەربژێرە سەرکەوتووەکان دوای سوێندخواردن بە فەرمی دەبنە پەرلەمانتار و هەموو مافێکی ئەندامێتییان دەبێت و هەموو ئەرکێکیشیان دەکەوێتە ئەستۆ.
لە بڕگەی دووەمی هەمان مادەدا هاتووە، هەر بەربژێرێک "بەبێ پاساوی رەوا" لە ماوەی 30 رۆژدا سوێند نەخوات، مافی سوێندخواردنی یاسایی نامێنێت.