دادگەى فیدراڵیى عێراق داواى زانیارییەکى 11 ساڵ لەمەوبەرى پەرلەمانى کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق شێوازى ژماردنى ئەلیکترۆنى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەیڕەودەکات. کۆمیسیۆن پێشبینى دەکات رێژەى بەشدارى لەو هەڵبژاردنە لەنێوان 50% و 65% بێت، لەکاتێکدا هێشتا پرسى تانە لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە دادگەى فیدراڵیى عێراق یەکلایی نەبووەتەوە کە لەسەر زانیارییەک وەستاوە.
کەمتر لە چوار مانگ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوە. کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستی بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە کردووە.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن و 600 هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان وەک ئەوەى تۆمارکراوە، مافى دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنى نوێنەرانیان لە پەرلەمان هەیە کە 111 نوێنەرن.
یەکەم دەنگدانى ئەلیکترۆنى پەرلەمان
لە یەکى 11ـەوە دەرگەى تۆماکردنى بەربژێر، پارت و هاوپەیمانێتییەکان لەلایەن کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە دەکرێتەوە و تاوەکو 30ـی 11 بەردەوام دەبێت. تاوەکو 1-1-2024ـیش وردبینى بەربژێران و شیاوییان بۆ بەربژێربوون لەگەڵ رێوشوێنەکانى دیکەى کۆمیسیۆن تەواو دەکرێت.
داود سلێمان، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى مەشق و رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە پۆدکاستی رووداوى عێراق لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، "رێوشوێنەکانى دەنگدان، جیاکردنەوە و ژمارەى دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە هەمان شێوە دەبێت کە لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت. لە قۆناخى یەکەمدا جیاکردنەوە و ژماردنى ئەلیکترۆنى دەنگەکان دەبێت و تا کاژێر شەشى ئێوارە دەخایەنێت. کاتێک ناوەندەکانى دەنگدان داخران، ئیدی دەستدەکرێت بە ژماردنى دەستیى دەنگەکان."
بەڕێوەبەرى فەرمانگەى مەشق و رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بە پشتبەستن بە سەردانیکردنى هاونیشتمانیان بۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران، پێشبینی ئەوەى کرد، رێژەى بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەنێوان 50% بۆ 65% بێت.
هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان و سکاڵا لە بەغدا
یەکەمجارە لەدوای ساڵى 2014ـەوە هەڵبژاردنێکى نێوخۆیی هەرێمى کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت، بەو پێیەى لە 2014 کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان لە پەرلەمان هەڵبژێردرا و ئەو ئەرکەى پێ سپێردرا. ئەو کۆمیسیۆنە جگە لە گشتپرسیی سەربەخۆیی ساڵى 2017، سەرپەرشتى هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستانیشی کرد لە ساڵى 2018.
ئارام جەمال، ئەندامى دەستەى کارگێڕیى پەیمانگەى کوردى بۆ هەڵبژاردن لە پۆدکاستی رووداوى عێراق لە رادیۆی رووداو گوتى، "بەو پێیەى کۆمیسیۆنەکەى ھەڵبژاردنى هەرێمى کوردستان هەڵوەشاوتەوە، کاتێک تانە هەبێت، دەبێت دەستەى دادوەرى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاری لێ بدات و ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەیش لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە راستاندنى بۆ دەکرێت."