گەنجێک لە هەولێر سەگ گەستوویەتی و 7 رۆژە بێهۆشە، ڤاکسینەکەشی دەستناکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ حەوت رۆژە لە نەخۆشخانەی فێرکاری هەولێر بێهۆشە، سەگی پاسەوانیی ماڵێکی دراوسێیان گەستوویەتی، کەسوکارەکەی دەڵێن، تووشی گەشکە و تا بووە و پزیشکیش پێی راگەیاندوون کە لەوانەیە ڤایرۆسی هاری سەگ، بیهۆشی کردبێت. ڤاکسینی هاریشیان دەستناکەوێت.
ستار ئەحمەد، باوکی گەنجەکەیە کە ناو ئیبراهیمە و دەڵێت، "دکتۆر دەڵێت، 'لە ڤایرۆس دەترسم'، ڤایرۆسی ئەو سەگە هاتووەتە ناو لەشی کوڕەکەم، ئێستا دکتۆرەکە دەڵێت، 'ئەو سەگەم دەوێت بەمردوویی یان بەزیندوویی'."
وەک کەسوکارەکەی باسی دەکەن، گرفتەکە هەر ئەوە نییە کە سەگ گەستوویەتی، بەڵکو ڤاکسینی دژە هاریشیان بەزەحمەت دەستدەکەوێت، ئەو ڤاکسینە لە نەخۆشخانە حکومییەکان نییە و لە دەرمانخانەکانیش دەستناکەوێت.
عەبدولواحید حەمەد، خاڵی ئیبراهیم دەڵێت، "سێ رۆژە دەرمانخانە نەماوە لە هەولێر کە بەدوای ئەو دەرزییەدا نەگەڕێین، پێرێ لە رێگەی برادەرێک دەرزییەکمان دەستکەوت و دوێنێ بۆمان بەکارهێنا، ئەمڕۆش تەلەفۆنمان بۆ برادەرێک کردووە بڕیار وایە دەرزییەکمان لە موسڵەوە بۆ بهێنێت."
دکتۆر سەدرەدین عەبدوڵڵا هەریری، پزیشکی پسپۆری هەناو دەڵێت، "نەخۆشەکە گیانی هەمووی تەشەنوج دەکات، ناتوانێت خۆراک بخوات، مێشکی تێکدەچێت و هاتوهاوار دەکات و دەترسێ و وای لێدێت ناتوانێ هیچ جوڵەیەک بکات."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڤاکسینەکە لە نەخۆشخانەکانی هەولێر دەستناکەون و نییە.
دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر دەڵێت، "کە روو لە نەخۆشخانەکان دەکەن پێویستیان بە ڤاکسین و دژە ڤایرۆسەکە دەبێت، وەک ڤاکسین بەشێوەیەکی گشتی دابینکردنەکەی لەسەر حکومەتی عێراقە."
بەپێی ئاماری قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 15/10/2022 (646) گەستن لەلایەن سەگەوە بەتەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر تۆمارکراون.