ئیسپانیا ئامادەکاری بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانە لە هەولێر دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ئیسپانیا لە عێراق کۆبووەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
 
رۆژی پێنجشەممە 23-09-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پێدرۆ مارتینیز ئەڤیال، باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ئیسپانیا کرد و "هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئیسپانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان." 
 
هەروەها باڵیۆزی ئیسپانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێناندا.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە باڵیۆز ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی کۆنسوڵخانەی ئیسپانیا لە هەولێر بکەنەوە.