بەرپرسی رێکخراوى بەدر لە کەرکووک: بەربژێرمان بۆ پۆستەکانی تورکمان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەى 24ى ئابى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، پرسی پڕکردنەوەى ئەو پۆستانە تاوتوێ دەکرێت کە بۆ پێکهاتەى تورکمان داندراون و داوایان لێدەکرێت کە بەربژێر بۆ ئەو پۆستانە دیاری بکەن. بەرپرس رێکخراوی بەدر لە کەرکووک دەڵێت، بەربژێریان بۆ ئەو پۆستانە دەبێت.
فراکسیۆنی بەرەى تورکمانى یەکگرتوو کە دوو ئەندامى لە ئەنجوومەنى پارێزگا هەیە، بڕیارى داوە بەشدارى ئەو کۆبوونەوەیە نەکات. رۆژی 21ى ئاب لە راگەیێندراوێکدا هۆشدارى دا کە تەنیا لایەنى راسپێردراو بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستەکان فراکسیۆنەکەیان دەبێت.
18 پۆستى کەرکووک بۆ پێکهاتەى تورکمان داندراوە، ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگا کە نەیویست ناوى بڵاو بکرێتەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "داواى پڕ کردنەوەى پۆستەکان بۆ پێکهاتەى تورکمان دەبێت، نەک تەنیا بۆ لایەنە براوەکان و ماوەیەکیش دیاری دەکرێت بۆ پڕکردنەوەى ئەو پۆستانە."
ئەو هەنگاوەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەرگا لە بەردەم ئەو لایەنە تورکمانانەش دەکاتەوە کە کورسییان لە ئەنجوومەن نییە، بۆ ئەوەى بەربژێر پێشکێش بکەن.
رۆژی 23ى ئاب محەممەد بەیاتی، بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەک پێکهاتەى تورکمانى بەربژێریان دەبێت بۆ ئەو پۆستانەى کە لەکەرکووک بۆ تورکمان دیاریکراون.
زۆرینەى لایەنگرانى ئەو رێکخراوە لە کەرکووک، تورکمانى شیعەن، لە هەڵبژاردنى رابردووى ئەنجوومەنى پارێزگا لە رێگەى لیستى کەرکووکنا بەشدارییان کرد وزیاتر لە 22 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام نەیانتوانى ببێتە خاوەنى کورسی ئەنجوومەن.
محەممەد بەیاتى گوتى: "ئەو پۆستانەى کەرکووک بۆ پێکهاتەى تورکمانە، لایەنەکانى دیکەش کە براوەى کورسین دەتوانن بەربژێر پێشکێش بکەن، دواى کۆتاییهاتنى چلەى ئیمام حوسێن گفتوگۆ لەبارەى ئەو پۆستانە دەستپێدەکات".
دیارترین پۆست کە بۆ تورکمان دیاریکراوە، جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگایە، کە تائێستا بەتاڵە.
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.
ئەو هەنگاوە ناڕەزایی بەرەى تورکمانى و هاوپەیمانیی عەرەبی، لێکەوتەوە و لە دادگەى فیدراڵى سکاڵایان لەدژى ئەو کۆبوونەوەیە تۆمار کرد.
21ى ئاب بەرەى تورکمانى عێراق راگەیاند بەشدارى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پازێزگا ناکەن، رۆژێک دواتریش هاوپەیمانیى سەروەرى سوننە بایکۆتکردنى هەمان کۆبوونەوەى راگەیاند.
دیارترین ئەو پۆستانەى لە حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بەتاڵن، پێنج یاریدەدەر و جێگرێک و حەوت راوێژکارى پارێزگارن.
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: "زۆربەى ئەو پۆستانە دیاریکراون کە دەدرێتە کام پێکهاتە، تەنیا راوێژکارەکان ماون کە پێویستى بە دانوستاندن و یەکلاکردنەوەیە."