سەندیكای پارێزەران: راگرتنی کاری دادگەکان لە عێراق کاریگەریی لەسەر دادگەکانی هەرێمی کوردستان نابێت

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رایگەیاند، راگرتنی کارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری لە عێراق کار لەسەر بەڕێوەچوونی کارەکانی دادگەکان لە هەرێمی کوردستان ناکات و دادگەکان ئەمڕۆ کاری خۆیان کردووە، بەڵام کاریگەریی لەسەر کاری بەشێک لە پارێزەران لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
هەڤاڵ عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لەبارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بۆ راگرتنی کارەکانی، دوای ئەوەی بەشێک لە لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە بەردەم ئەنجوومەنەکە و مانگرتنیان راگەیاند، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارەکانی دادگەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هیچ کاریگەرییەکی ئەو دۆخەی بەغدا و راگرتنی کاری دادگەکان بەسەر دادگەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە نییە، دادگەکان ئەمڕۆ ئیشوکار و مامەڵەی هاووڵاتییان و پارێزەرانیان راییکردووە و هیچ گرفتێک لەئارادا نییە."
 
جێگری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان گوتیشی، "ئێمەش لە سەندیکای پارێزەران کارەکانی خۆمان دەکەین و هیچ کێشەیەکمان نییە."
 
هەڤاڵ عەبدوڵڵا گوتیشی، "بەشێک لە پارێزەران ناسنامەی هەردوو سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و عێراقیان هەیە، هەروەها بەشێک لە پارێزەرانی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ناتوانن کارەکانیان لە ناوچەکانیان بکەن، جگە لەوە بەشێک لە پارێزەرانی هەرێمی کوردستان کە دۆسیە و کەیسیان لە دادگەکانی دیکەی عێراق هەیە، ناتوانن کارەکانیان بکەن."
 
بەیانیی رۆژی سێشەممە 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر مانگرتنیان بردە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
دوای ئەوە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوە داوە، لەگەڵ دادگەى باڵاى فیدراڵى کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لەبەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى دادوەرى لەبارەى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق و دەڵێت، "لەڕێگەى نامەى تەلەفۆنییەوە هەڕەشەمان پێگەیشتووە بۆ گوشارخستنە سەر دادگە."