فراکسیۆنی کۆمەڵ: پێویستە لە دەستووردا زۆر بە تۆخی باسی پرسە نەگۆڕەکانی ئیسلام بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێویستە دەستووری هەرێمی کوردستان زۆر بە تۆخی باسی پرسە نەگۆڕەکانی ئیسلام بکات و لەگەڵ بنەماکانیدا تێکنەگیرێت.
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "پێویستە لە دەستووردا زۆر بە تۆخی باسی پرسە نەگۆڕەکانی ئیسلام بکرێت. دەستوورێک بێت کە لەگەڵ رۆحی شەریعەتدا تێکنەگیرێت، وەکو ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، "ئێمە دەڵێین ئیسلام ئایینی فەرمیی هەرێمی کوردستانە و سەرچاوەی بنەڕەتیی یاسادانانە و، نابێت هیچ یاسایەک دەربچێت کە پێچەوانەی یاساکانی ئیسلام بێت، بەڵام دەبێت ئەو دەستوورە دان بە مافەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانیشدا بنێت."
عەبدولستار مەجید هەبوونی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان بە گرنگ و پێویست دەزانێت و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانیش لەوە بە بەرپرسیار دەزانێت کە "30 ساڵە نەتوانراوە ببینە خاوەنی دەستووری خۆمان."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە، کە نابێت دەستوور وەکو خۆهەڵنان (موزایەدە)ی کاتی هەڵبژاردن یان لە کاتی قەیراندا بۆ چەواشەکاریی خەڵک بەکاربهێندرێت.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەر لە نووسینەوەی دەستوور تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان "زۆر گرنگە بۆئەوەی هەمووان زۆر بە گەرموگوڕییەوە کار بکەن تاوەکو هەرێمەکە ببێتە خاوەنی دەستوور."
بەپێی یاسای 4ی ساڵی 2015 لیژنەیەک بۆ نووسینەوەی دەستوور دروست کراوە، عەبدولستار مەجید پێیوایە کە "دەبێت ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە و لیژنەکە بە شێوەیەک بێت کە رەنگدانەوەی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بێت. هەروەها داوایشمان کردووە کە لیژنەیەکی سیاسی بۆ سەرکردەکان هەبێت بۆئەوەی ئەگەر ئەو لیژنە دەستوورییە نەیتوانی بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە، ئەوا لیژنە سیاسییەکە لەسەر راجیاییە دەستوورییەکان رێکبکەون."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، یەکێک لەو شتانەی کە دەبێتە رێگر لەبەردەم ئەوەی لایەنەکان لەسەر دەستوور رێکبکەون هەندێک بۆچوونی جیاوازن لەسەر پرسی ئایینی ئیسلام، "ئێمە داکۆکی لەوە دەکەین کە نابێت لە دەستووری هەرێمی کوردستاندا لەبارەی ئیسلامەوە لەوە کەمتری تێدا بێت کە لە دەستووری عێراقدا هەیە. ئێمە لەسەر پرسی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان هیچ کێشەیەکمان نییە و مافی خۆیانە سەربەستیی بیروباوەڕیان هەبێت و رێوڕەسمە ئایینییەکانیان بە شێوەیەکی ئازادانە ساز بکەن."
عەبدولستار مەجید تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "تاوەکو دەستوورمان نەبێت، ناتوانین دادگەی دەستووریمان هەبێت. دەستووریش دەتوانێت زۆر کێشە لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکات، هەروەها دەتوانێت هێزە چەکدارەکان رێکبخات و بیانکاتە هێزی نیشتمانی."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری پێیوایە نووسینەوەی دەستوور دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە دەبێت پێش دەستوور پەلە بکەن کە لەسەر یاسای هەڵبژاردن رێکبکەون.