ئاسایشی خەلیفان کوڕی فەرماندەیەکی سەربازی دەستگیردەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، شەوی رابردوو شۆفێرێک ئۆتۆمبێلەکەی لە بازگەی نێوان خەلیفان - سۆران رانەگرتووە، کە کوڕی فەرماندەیەکی سەربازی بووە، ئەوانیش تەقەیان لێکردووە و دواتر دەستگیریان کردووە.
 
ئەو سەرچاوە ئەمنییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو کاژێر 10:52، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ تۆیۆتا لە خەلیفانەوە بەرەو سۆران رۆیشتووە و لە بازگەی نێوان خەلیفان سۆران راینەگرتووە، هەربۆیە هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لێکردووە.
 
بەهۆی تەقەی ئاسایشەوە، وەکو ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی پێکرد، دوو کەس بە سووکی بریندار بوون، کە "یەکێکیان شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و کوڕی فەرماندەیەکی سەربازی بووە، کە فەرماندەکە ناوی (ز. ش)ە."
 
سەرچاوە ئەمنییەکە باسی لەوەش کرد، دواتر ئۆتۆمبێلەکە بەرەو خەلیفان گەڕاوەتەوە و شکاندوویانەتەوە سەر ئۆتۆمبێلی ئاسایش و هەڵاتوون بۆ خەلیفان، لەوێ ئاسایش دەستگیری کردوون. گوتیشی، ئۆتۆمبێلەکە چوار کەسی تێدابووە و دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە.