لە کەرکووک نزیکەی 20 قوتابیی کورد کۆنمرەی شەشی ئامادەییان لە 98٪ زیاترە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک دەڵێت: لە سنووری پارێزگاکە 75 قوتابی کۆنمرەیان لە 98٪ زیاترە، کە نزیکەی 20ـیان کوردن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23-07-2024، سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "75 قوتابیی پۆلی شەشی ئامادەیی لە کەرکووک 98٪ بۆ سەرەوەیان هێناوە و 15 بۆ 20ـیان کوردن، لەنێو یەکەمەکاندا 35 یان کچن."
76 قوتابیی شەشى ئامادەیی بەشى زانستى لەسەر ئاستى عێراق یەکەم بوون، ئەو قوتابییانە کۆنمرەکانیان 100% بووە. یەکێک لەو قوتابییانە بەناوی کاردۆ فەرحان، قوتابی خوێندنی کوردی بووە لە کەرکووک.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک، لەو پارێزگایە 1910 قوتابخانە هەن، 503ـیان کوردین و 93یان تورکمانی و 5یان سریانین و ئەوانی دیکە عەرەبین. هەروەها نزیکەی 600 هەزار قوتابی هەن، 91 هەزار و 830 قوتابییان کوردن، 6 هەزار و 216 تورکمان و 535 سریانین.
سامان مەجید دەڵێت: "پار 42 هەزار قوتابی لە پۆلی یەک وەرگیراون کە شەش هەزار و 200یان بۆ خوێندنی کوردی بووە."
زیاتر لە 300 هەزار قوتابیی شەشى ئامادەیی بە هەردوو بەشی زانستى و وێژەیی لە عێراق بەشدارییان لە تاقیکردنەوەى وەزاریدا کرد.