بەرپرسێکى عەرەب: هەست بکەین ئەنجوومەنى پارێزگا هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتیى کەرکووک، داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمیندارى گشتیى دەستەى راى عەرەبی رایگەیاند، داواکارییان ئەوەیە حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بە بەشداریى سەرجەم لایەنە براوەکان پێکبهێندرێت، "نابێت هیچ لایەن و پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێت." راشیگەیاند، ئەگەر وەکو عەرەب هەست بەوە بکەن ئەنجوومەنى پارێزگا هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتى و ئارامیى کەرکووک، داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکەن.
 
نازم شەممەرى، ئەمنیدارى گشتیى دەستەى راى عەرەبی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "داواکارییان ئەوەیە حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بە بەشداریى سەرجەم لایەنە براوەکان پێکبهێندرێت، نابێت هیچ لایەن و پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێت، تەنانەت ئەگەر یەک کورسیى ئەنجوومەنى پارێزگاشی هەبێت."
 
ئەمنیدارى گشتیى دەستەى راى عەرەبی گوتیشی، "ئەگەر بەشێک لە کورد یان عەرەب بەشداربن لە بەڕێوەبردنى کەرکووک و بەشەکانى دیکە پەراوێز بخرێن، ئەوە هەڵەیەکى  گەورەیە."
 
11ى تەممووز یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کرا، لایەنەکان تاوەکو 9ى ئاب کاتیان لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی. نازم شەممەرى دەڵێت، "ململانێ لە کەرکووک لەنێوان پێکهاتەکانیدا نییە و ململانێکان سیاسین."
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت، 9 کورسی دەبێتە زۆرینە بۆ یەکلاییکردنەوى پۆستەکان، عەرەب بە سێ لیست شەش کورسییان هەیە.
 
ئەمیندارى گشتیى دەستەى راى عەرەبی بە مافى لایەنە عەرەبییەکانى دەزانێت پۆستى پارێزگارى کەرکووک وەربگرن و دەڵێت، "ئەگەر وەکو عەرەب هەست بەوە بکەین ئەنجوومەنى پارێزگا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتى و ئارامیى کەرکووک، داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکەن."
 
تائێستا لایەنەکانى کەرکووک لەسەر پرسی پۆستى پارێزگار "بە نۆرە" نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، کە نزیکترین سیناریۆى رێککەوتنە بە شێوەیەک دوو ساڵ بۆ کورد و دوو ساڵ بۆ عەرەب بێت.
 
نازم شەممەرى گوتى، "ئەوەى دەگوترێت هەندێک لایەنى عەرەبی لەگەڵ یەکێتى و هەندێکى دیکە لەگەڵ پارتى رێککەوتوون رەتکراوەیە بەلاى ئێمەوە."