لە ئاکرێ بەهۆی نەبوونی هۆتێل و مۆتێل گەشتیاران لە ماڵەکاندا دەمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک، نەبوونی هۆتێل و مۆتێل گرفتی لەبەردەم کەرتی گەشتوگوزاری قەزاکە دروستکردووە. گەشتوگوزاری ئاکرێش دەڵێت، نەبوونی شوێنی مانەوەی گەشتیار بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەی هاتنیان سنووردار بێت و زیاد نەکات.
رۆژی یەکشەممە، 23ی تەممووزی 2023، ڤەهێل فەهمی، بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی هاوینەهاوار و شوێنە گەشتیارییەکانی قەزای ئاکرێ دەکەن، هەروەها پێشبینی دەکەن تا کۆتایی ئەم مانگە، نزیکەی 30 هەزار گەشتیار سەردانی سنووری قەزاکە بکەن.
بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری ئاکرێ ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەکانی گەرما بە تایبەت لە نێوەڕاست و باشووری عێراق، رۆژانە گرووپە گەشتیارییەکان دێنە ئاکرێ." گوتیشی، لە رۆژی پێنجشەممە تاوەکو شەممە، زیاتر گەشتیاری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان سەردانی ئاکرێ دەکەن.
دەربارەی نەبوونی شوێنی مانەوەی گەشتیاران لە قەزای ئاکرێ، ڤەهێل فەهمی دەڵێت، "نەبوونی هۆتێل و مۆتێل لە ئاکرێ بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم گەشتوگوزاری قەزاکە کە وادەکات ژمارەی هاتنی گەشتیار جێگیربێت. لە ئاکرێ یەک هۆتێل هەیە کە ئێستا لەبەردەم گەشتیاراندا کراوەیە. کاتێک گەشتیار بەمەبەستی مانەوە دێن، شوێنیان دەستناکەوێت، بەڵام دەرگەی ماڵەکان بە روویاندا دەکرێنەوە."
ڤەهێل فەهمی داوا دەکات هۆتێل و مۆتێل لە قەزاکە دروستبکرێن بۆ ئەوەی بتوانن وەکو پێویست کەرتی گەشتوگوزاری شارەکە بەرەو پێشەوە ببەن.
محەممەد سەڵاح کە ژمێریارە لە هۆتێلێکی ئاکرێ بە رووداوی گوت،" لە ئاکرێ تەنیا یەک هۆتێل هەیە و جێی 45 تاوەکو 50 کەسی تێدا دەبێتەوە، رۆژانە گەشتیارێکی زۆر سەردانمان دەکەن بۆ مانەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنەوە ناتوانین وەریانبگرین".
بەپێی ئامارەکانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، هەروەها زیاتر لە 3,100 شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن.
ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیار لە شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەچنە هەرێمی کوردستان، هەندێ جاریش گەشتیارانی وڵاتانی دەورووبەر و بیانیش روو دەکەنە هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا شوێنە گەشتیارییەکان پشتبەستنیان لەسەر گەشتیاری نێوخۆیی و عێراقییە.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، پلانیان هەیە تا 2030 ژمارەی گەشتیاران بگەیێننە 20 ملیۆن لە ساڵێکدا.
ئامادەکردن: عوبێد بەشار