قایمقامی چۆمان: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە ناحیەی قەسرێ پێویستمان بە 10 ملیۆن دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ 

پێنج ساڵە پڕۆژەی ئاوی گوندی رەزانی سەر بە ناحیەی گەڵاڵەی سنووری قەزای چۆمان کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 40 ماڵە، بەهۆی گیانلەدەستدانی بەڵێندەری پڕۆژەکە لە رووداوێکی هاتووچۆدا وەستاوە. قایمقامی قەزاکەش بەشێکی هۆکاری وەستانی پڕۆژەکە بۆ ناکۆکی دانیشتووانی گوندەکە لەگەڵ یەکتری لەسەر پڕۆژەکە دەگەڕێنێتەوە. 
 
سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "وەستانی پڕۆژەکە پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە کە یەکێکیان مردنی بەڵێندەر و جێبەجێکاری پڕۆژەکە بووە بە رووداوی هاتووچۆ و دواتر هاتنی داعش و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی هەروەها بوونی کێشە لەنێوان دانیشتووانی گوندەکە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بەڵام ئەو کێشانەمان چارەسەرکردووە و داواکاریمان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان بڕە پارەی پێویست دابین بکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بخرێتەوە سەرپێی خۆی." 
 
لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و ئەو بڕە پارەیەی پێویستە بۆ تەواوکردنی، قایمقامی قەزای چۆمان دەڵێت، "سەرەتا پێویستە سەرچاوە بۆ پڕۆژەکە دابین بکرێت چونکە ئەو کانیەی پێشتر وەک سەرچاوە بۆی دیاریکرابوو ئێستا کێشەی بۆ دروستبووە و ئاوەکەی کەمیکردووە، بۆیە بەستنەوەی بۆریەکە بە سەرچاوەیەکی دیکەوە پێویستی بە پارە هەیە، پڕۆژەکە زیاتر لە 50% کارەکانی تەواوبووە و بەشەکەی دیکەی کە ماوە پێویستی بە زیاتر لە 100 ملیۆن دینار هەیە." 
 
هەر سەبارەت بە کێشەی کەمئاوی لە سنووری قەزای چۆمان، سوارە ئەکرەم باسی لەوە کرد، "یەکێکی دیکە لەو ناوچانەی کێشەی کەمئاویان هەیە ناحیەی قەسرێیە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 800 ماڵە و پێویستی بە پڕۆژەیەکی گەورە هەیە کە پارەیەکی زۆری تێدەچێت چونکە 10 کیلۆمەتر لە رووبارەوە دوورە، بۆیە پێویستمان بە زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە و بۆ ئەم مەبەستەش وەکو قایمقامیەت داواکاریمان بەرزکردووەتەوە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەم بودجەیەمان بۆ خەرجبکرێت تاوەکو دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکەین."