ئاگر لە باڵەخانەیەکی هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە باڵەخانەیەکی شەقامی کوران لە هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لەوانەی لەنێو باڵەخانەکەدا بوون گیریانخوارد و تیمەکانی بەرگریی شارستانی چوونە شوێنی رووداوەکە بۆ رزگارکردنیان. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی رایگەیاند، بەشێک لەوانەی لەنێو باڵەخانەکەدا بوون هێشتا لەسەر بانی باڵەخانەکە گیریان خواردووە و هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن.
 
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چییە. خاوەنی باڵەخانەکەش ئەوەی خستەڕوو کە پێدەچێت ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووبێت.
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، کارمەندێکی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەکاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی ئەوانەی لەنێو باڵەخانەکە گیریانخواردبوو، لەسەر ئەو ئامێرەی بۆ رزگارکردنی خەڵک بەکاریانهێناوە کەوتووەتەخوارەوە و بریندار بووە.
 
 
رائید سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەوانەی لەنێو باڵەخانەکە بوون چوونەتە سەر بانی باڵەخانەکە و بەشێکیان رزگارکراون و ئەوانەی ماون رزگار دەکرێن، ناشزانرێت هۆکاری رووداوەکە چییە، ئاماژەی بەوەش کرد، "زیانی گیانی نەبووە."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی، ئەوان خزمەت دەکەن و "برینداریش ببین و گیانیش لەدەستبدەین ئاساییە." هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئەو باڵەخانەیە دووەم جارە ئاگر دەگرێت.
 
 
جگە لە برینداربوونی ئەو کارمەندەی بەرگریی شارستانیی هەولێر، چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون و بەشێکیشیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەنگەنەفەس بوون.
 
خاوەنی باڵەخانەکە بە رووداوی راگەیاند، لە ماڵەوە دانیشتووە و ئاگاداری رووداوەکە نەبووە تاوەکو لەڕێگەی رووداوەوە ئاگرکەوتنەوەکەی بینیوە و باڵەخانەکەی ناسیوەتەوە و بە رووداوەکەی زانیوە.