بەهۆی تەقینەوە لە کارگەیەکی یاریی ئاگرین لە خانەقین دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە کارگەیەکی یاریی ئاگرین لە ناوچەی پیشەسازیی خانەقین ئاگرکەوتەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسیش برینداربوون.
رۆژی شەممە 23ـی تەمموز، تەڵعەت رەفعەت، ئەفسەر لە نەخۆشخانەی خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە پێش نیوەڕۆ لە گەڕەکی بەختیاری روویداوە، لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون."
بە گوتەی تەڵعەت رەفعەت، بە ئەوان گوتراوە تەقینەوەکە لە کۆگایەکی یارییە ئاگرینییەکان بووە.
هەروەها، بیلال محەممەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەختیاری لە خانەقین بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا نازانین هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە چی بووە."
خانەقین یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و لە رووی بەڕێوەبردنەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە.