بافڵ تاڵەبانی بۆ رێواز فایەق و فراکسیۆنی یەکێتی: رێگریتان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان کرد


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە. لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، رێگرییان لە کارێکی یاساشکێنی کرد و ئیرادەی خەڵکیان سەرخست و رێگرییان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان گرت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 23-05-2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "ستایشی رۆڵی مێژوویی و ئازایانەی فراکسیۆنی یەکێتی کرد و پشتیوانیی تەواوی یەکێتی بۆ سەرۆکی پەرلەمان دووپاتکردەوە" و رایگەیاند، "هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموکراسی بوو کە دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵکەوە نەکرێت."
 
بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان بێ رەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو.
 
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە؛ فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە.
 
بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا باسی لەوەش کرد، "لەسەرەتای دروستبوونی کێشە سیاسی و یاساییەکانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەکێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کاری بۆ سازان و رێککەوتنی نیشتمانی کردووە و ھەنگاوی پێویست نراوە لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و ھاوتەریب کۆمیسیۆنیش کارابکرێتەوە. دوور لە خۆسەپێنی خواستی کۆمەڵانی خەڵکی تێدا جێبەجێ بکرێت و کورسی کۆتاکان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بەکارنەهێرێت وەک ئەوەی دوێنێ بینیمان و بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات، روویدا."
 
لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی تێیدا ئامادەبوون، سەرۆکی یەکێتی لەبارەی نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانیش ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە لە سەرەتاوە داوامانکردووە پێکهاتەکان نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان بکەن و لە ململانێ سیاسی و حزبییەکاندا بەکارنەهێنرێن."
 
‏‎لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بافڵ تاڵەبانی داوای لە پەرلەمانتارانی یەکێتی کرد، "وەک هەمیشە پشتبەستوو بە یاسا لە سەنگەری بەرگری لە مافەکانی خەڵکدا بن و رێگە نەدەن دامەزراوەی شەرعی و یاساییەکان بۆ بەرژەوەندیی حیزبی بەکاربهێنن و شکۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان لەکەدار بکرێت."
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "گەشبینی خۆشی نیشاندا کە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەل و وڵات ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین و داوایکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناخە هەستیارەدا بکەن. دەبێت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەرکی لەپێشینەمان بێت."
 
‏‎سەرەڕای ئەوەی کە لە پەرلەمان روویدا، بەڵام سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر باوەڕە نەگۆڕەكانی خۆی سوورە و دەرگەی بۆ هەموو گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنێك كراوەیە كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد بێت لە وادەی خۆیدا."