مەسرور بارزانی: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی شەهیدان دروستدەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە کرایەوە و لە یەکەم رۆژی پێشانگەکەدا، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "هەندێ بەرنامەمان هەبووە کە چۆن بتوانین بەبێ بەرامبەر یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دروست بکەین".
مەسرور بارزانی رایگەیاند "20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون خراوەتە تەندەر، هەندێ بەرنامەمان هەبووە کە چۆن بتوانین بە بێ بەرامبەر یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دروست بکەین، لە سنووری دهۆک ئەوەمان کردووە و لە هەولێر خەریکە تەواو دەبێت، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەش دەیکەین".
لەبارەی کوالێتیی بیناسازییەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "هەرجۆرە بینایەک لە کوردستان دروست دەکرێت، دەبێ لەگەڵ سیمای کوردستان بگونجێت و ببێتە شتێکی دڵگیر، دووەم نابێ کەمی نرخ لەسەر حیسابی خراپیی کوالێتی بێت و دەبێ خەڵک متمانەیان هەبێت و خوانەخواستە تووشی بوومەلەرزەیەک بوو، توانای خۆڕاگریی هەبێت، نرخیش بە گوێرەی خواست دەگۆڕێت".
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە کە ئەمڕۆ بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو کرایەوە، تاوەکو رۆژی هەینی 26ـی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت.
لە پێشانگەکەدا 214 کۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاواز بەشداری دەکەن و بەگشتی رێژەی 80%ـیان نێودەوڵەتی و 20%ـیشیان کۆمپانیای نێوخۆیین.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە گفتوگۆ تایبەتەکەدا گوتی "ئەوەی لەسەر حکومەتە، داوامانکردووە جگە لە پێداچوونەوە بە ماستەرپلانی شارەکان، دەبێ رووبەری سەوزاییش لەبەرچاو بگیرێت و بۆ خەڵکی کەمئەندامیش دەبێ رێگەی هاتووچۆیان لەبەرچاو بگیرێت".