ئەو کەسەی بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵێک تۆمەتبار کرا بە دەستەبەری ئازاد کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، کەسێک بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی هەشت ساڵان دەستگیر کرا، بەڵام دوای ئەوەی پشکنینی دادپزیشکی دەرچوو و دەریخست کە منداڵەکە دەستدرێژیی نەکراوەتە سەر، کەسەکە بە دەستەبەری ئازاد کرا.
 
21ی ئەم مانگە لە قەزای حاجیاوا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، خاوەن نۆرینگەیەکی کەڵەشاخ بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێک تۆمەتبار کرا و دوێنێ دووشەممە دەستگیر کرا.
 
منداڵەکە تەمەنی هەشت ساڵە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دایکی منداڵەکە دژی خاوەن نۆرینگەکە سکاڵای تۆمار کردووە و دواتر منداڵەکە رەوانەی دادپزیشکیی رانیە کراوە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئیدارەی راپەڕین ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەنجامی پشکنینی دادپزیشکی دەرچوو و دەڵێت، 100% هیچ دەستدرێژییەک نەکراوەتە سەر منداڵەکە. بۆیە تۆمەتبار راستەوخۆ و بە دەستەبەری ئازاد کرا."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە کە لە لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەدا بەشدارە، "پێدەچێت" دۆسیەکە نەبرێتە دادگە و لەسەر بنەمای پشکنینەکە بە تەواوی دابخرێت.
 
کوڕێکی تۆمەتبارەکەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەنیا تۆمەت و قسەی ئەو ماڵە بوو. کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ باوکم ئازاد کرا."
 
کەسوکاری منداڵەکە بە رووداویان گوت، دوای ئەوەی منداڵەکەیان بە مەبەستی کڕینی شتومەک بە پاسکیل چووەتە مارکێتێکی نزیک نۆرینگەکە و ماوەیەکی زۆری پێچووە و نەگەڕاوەتەوە، دایکی بەدوایدا چووە و بینیویەتی پاسکیلی کوڕەکەی لەبەردەم نۆرینگەکە وەستاوە.
 
کەسوکاری منداڵەکە دەڵێن، دوای ئەوەی دایکەکە دەچێتە نێو نۆرینگەکە، دەبینێت خاوەن نۆرینگەکە جلەکانی لەبەر منداڵەکەی داکەندووە و ویستوویەتی دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەری، لەو کاتەدا دایکی هاواری کردووە و خەڵکی دەوروبەری ئاگادار کردووەتەوە. کەسوکاری خاوەن نۆرینگەکەش ئەو تۆمەتە رەت دەکەنەوە.