کەشناسی: دووشەممە لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بارانبارین چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە. کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، سبەی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت. کەشناسێکیش باس لەوە دەکات، لە هەندێک شوێن ئەگەری لافاو هەیە.
رۆژی یەکشەممە 23ـی نیسانی 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ چالاکبوونی هەورە برووسکە و چاوەڕوان دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران ببارێت.
کەشناسی راشیگەیاندووە "بارانبارین لەدوای نیوەڕۆدا دەبێت و هەندێک جار بەشێوەی لێزمەباران دەبێت. شەویش شەپۆلەکە کۆتایی دێت".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست، لە نیوەڕۆی سبەی دووشەممەوە تاوەکو کاتەکانی ئێوارە بارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. لە هەندێک شوێنی جیاوازیشدا ئەگەری لافاو هەیە؛ لە سەنتەری شارەکانیش ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە، بەتایبەتی لە ناوچه نزمەکان".
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەریی شەپۆلەکە لەسەر هەولێر، دەوروبەری سلێمانی، دەڤەری بادینان و سۆران دەبێت.
ئەمڕۆ بە بڕی جیاواز لە چەند ناوچەیەک و بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە باران باری، بە جۆرێک لە هەندێک شوێنی سنووری هەڵەبجەدا ئاستی ئاو بەرزبووەوە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری کشتوکاڵی هەڵەبجە، لە 24 کاژێری رابردوودا 10.4 ملیمەتر باران باریوە. بەگشتی ئەم وەرزەی بارین تاوەکو ئەمڕۆ 500.4 ملیمەتر باران لە هەڵەبجە باریوە، لەکاتێکدا وەرزی بارینی رابردوو بەراورد بە هەمان رێککەوت 374.5 ملیمەتر باران باریبوو.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما 3 بۆ 4 پلە نزم دەبێتەوە؛ هەروەها بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 21 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 22 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 25 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 26 پلەی سیلیزی