لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی بەردەڕەش - رۆڤیا سێ کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رێگەی دووسایدی نێوان بەردەڕەش - رۆڤیا رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-03-2023، سەعید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی هاتووچۆی رۆڤیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری BMWـیە و لە بەردەڕەشەوە بەرەو رۆڤیا رۆیشتووە، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی هاتووچۆی رۆڤیا، دوای وەگەڕانی، ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتووە، چونکە "بەخێراییەکی زۆر" رۆیشتووە.
 
رووداوە هاتووچۆکە کاژێر 09:15ـی ئەمشەو لە نزیک گوندی قەرەناز لە سنووری ناحیەی رۆڤیا روویداوە.

 

 

 
چوار کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و یەکێکیان بریندارە. سەعید عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، دۆخی ئەویش ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ کراوە.

 

 
هەریەکە لە عەممار مەهدیی تەمەن 22 ساڵ، هۆگر عەونی کە تەمەنی 20 ساڵە لەگەڵ ئەیمەن شێروانی تەمەن 18 ساڵ لە رووداوە هاتووچۆکەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها ئەحمەد سیروان کە تەمەنی 20 ساڵە، بریندارە و لەژێر چاودێریی تەندروستیدایە.

 

 
هەرسێ گەنجەکە تەمەنیان لەنێوان 18-22 ساڵە. تەرمەکانیان رەوانەی دادپزیشکیی دهۆک کراون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ ئەو سێ گەنجە خەڵکی گوندی کەونەباکن لە سنووری ناحیەی دارەتووی قەزای بەردەڕەش و لە گۆڕستانی گەورەی شارەکە بەخاک دەسپێردرێن.