رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی بەریتانی بۆ نەشتەرگەریی بەردی زراو سەردانی هەولێر دەکات و لەلایەن پزیشکێکی راوێژکاری نەشتەرگەری گشتی لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەکرێت. پزیشکەکە دەڵێت "نزیکترین کات کە لە بەریتانیا بۆ نەشتەرگەرییەکەی دیاری کرابوو، دوای سێ ساڵ بوو".
رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023 دکتۆر بەڵێن سەڵاح کۆیی، پزیشکی راوێژکاری نەشتەرگەریی گشتی کە هاوکات پرۆفیسۆری یاریدەرە لە زانکۆی پزیشکیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ژنێکی بەریتانی بە ناوی ئیلیزابێس خۆشناو، تەمەن 29 ساڵ سەردانی کردوون و داوای کردووە نەشتەرگەریی بۆ بکەن. ئەو ژنە بەردی زراوی هەبووە و دەبووایە زوو نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت.
بە گوتەی دکتۆر بەڵێن سەڵاح کۆیی، 25ـی شوباتی 2023 لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەو ئافرەتە بەریتانییە کردووە و ئێستا تەندروستی زۆر باشە.
دکتۆر بەڵێن هەروەها گوتی "ئیلیزابێس لە بەریتانیا سەردانی چەندین نەخۆشخانەی حکومی و تایبەتی کردووە بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، بەڵام هەموویان کاتی دووریان بۆ داناوە، نزیکترین کات کە بۆ نەشتەرگەرییەکە دیاریکراوە لەوێ، دوای سێ ساڵ بووە".
ئیلیزابێس خۆشناو، کە خۆی خەڵکی بەریتانیایە، هاوسەگیری لەگەڵ پیاوێکی کوردی خەڵکی هەولێر کردووە، دوای ئەوەی کاتی نەشتەرگەرییەکی نزیکی بۆ دیاری نەکراوە پەیوەندییان بە دکتۆر بەڵێن سەڵاح کردووە و راستەوخۆ بۆ نەشتەرگەرییەکە هاتوونەتە هەولێر.
پزیشکەکە دەڵێ "ئەو ئافرەتە 163 کیلۆ بووە، بەهۆی کێشییەوە تووشی تەنگەنەفەسی ببوو، بۆیە پێویست بوو بەزووترین کات نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ