رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت، پێویستە یاسایەک بۆ پاراستنی داتاکان لە هەرێمی کوردستان هەبێت، "لەم سەردەمەدا حوکمڕانی بەبێ داتا، حوکمڕانییەکە لە تاریکیدا."
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-02-2025 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دووەم کۆنفرانسی مید بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی، لە گوتاری دەستپێکدا باسی لە گرنگیی پاراستنی داتا کرد و رایگەیاند، "بەبێ بوونی داتای زانستی بڕیاری دروست نادرێت و کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر ناکرێن."
قوباد تاڵەبانی گوتی ئاماژەی بەوەش کرد، "رۆژئاواییەکان چەندین سەدەیە لە گرنگیی داتا تێگەیشتوون و دەڵێن: داتا هێزە. ئەمڕۆش لە جیهاندا شەڕ و رکابەرییەکی گەورە هەر لەسەر داتا هەیە، کێ داتای زۆرتر، وردتر و زانستییانەتری هەبێت، براوەی رکابەرییەکەیە."
بە گوتەی جێگری سەرۆکوەزیران، هەرێمی کوردستان لە بواری داتا و بەکارهێنانی ژیریی دەستکردەوە "دواکەوتووە" و بەبێ داتا، "کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، پەروەردە، گەشتوگوزار و کۆی کەرتەکانی دیکە، گەشە ناکەن."
قوباد تاڵەبانی پێیوایە، لە هەرێمی کوردستان پێویستە یاسایەک بۆ پاراستنی داتاکان هەبێت، "ئەگەر بووینە خاوەنی یاساکە و توانیمان تایبەتمەندیی هاووڵاتییان بپارێزین و ئەو داتایانەی قۆرخ کراون، لەپێناوی گەشەپێدانی زانستییانە خرانە بەردەست، ئەوکات دەتوانین پلانی درێژخایەنمان بۆ حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات هەبێت."
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان لە بواری ژێرخانی داتایی و هێزی مرۆییەوە لاوازە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات ژمارەی داتاسەنتەرەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد بکەن و، لە رێگەی زانکۆ و پەیمانگەکانەوە، راهێنانی خێرا بکەن بۆ ئەوەی هێزێکی مرۆیی تۆکمە پێکبهێنن کە هەم توانای کۆکردنەوەی داتاکانیان هەبێت، هەم شیکردنەوە و بەکارهێنانیان.
قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی سمارت سولی بە نموونە هێنایەوە و گوتی، "سمارت سولی و پڕۆژەی هاوشێوەکانی لاوەکی نین، بەڵکو ژێرخانی حوکمڕانییەکی دروستن؛ لەم سەردەمەدا حوکمڕانی بەبێ داتا، حوکمڕانییەکە لە تاریکیدا."
پلاتفۆڕمی سمارت سولی، دەستپێشخەریی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شاری سلێمانی و، وەکو دامەزرێنەرانی پلاتفۆرمەکە ئاماژەیان پێداوە؛ "ئەرکمان پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و پەرەپێدانی هاوکارییە بۆ دەستەبەرکردنی چارەسەری داهێنەرانە کە کوالێتیی ژیان بۆ هەموو هاووڵاتییەک بەرزبکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ