قایمقامی هەولێر: 34 خاوەن مۆلیدە دراونەتە دادگا


رووداو - هەولێر

قایمقامی قەزای ناوەندی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی سەرپێچییەوە 99 خاوەن مۆلیدەی ئەهلی لە ناوەندی هەولێر سزای ماددی دراون و 34 خاوەن مۆلیدەش دراونەتە دادگا.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوونیانەوە بە رێنماییەکان، لە سنووری سەنتەری پارێزگای هەولێر 65 خاوەن مۆلیدەی ئەهلی بە 1-3 ملیۆن دینار سزادراون و 34 خاوەن مۆلیدەی دیکەش دراونەتە دادگا".
 
قایمقامی قەزای ناوەندی پارێزگای هەولێر گوتیشی "65 کەس لە خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەکان بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان و بوونی کەموکوڕی لە ماوەی رابردوودا سزای ماددی دراون. هەروەها 34 خاوەنی مولیدەکەی دیکەش بەهۆی سەرپێچی یاسایی و دەرچوون لە رێنماییەکان دراونەتە دادگا".
 
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان، لە پارێزگای هەولێر و دەورووبەری لە سەرووی هەزار و 500 مۆلیدە هەن، زیاتر لە 890 مۆلیدە دەکەونە سنووری شارەوانیی هەولێر و زیاتر لە 610 مۆلیدەش دەکەونە شار و شارۆچکه و گوندەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.