لە سنووری گەرمیان مێرمنداڵێک بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
مێرمنداڵێک بەناوی رەهێڵ رێبین، ئەمڕۆ "بەهۆی دەستکاریکردنی مین" مینەکە پێیدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەستدا.
لقی گەرمیانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ "ئەمە یەکەمین رووداوی پەیوەست بە مینە لە گەرمیان لەم ساڵدا".
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە؛ رەهێڵ رێبین دانیشتووی گوندی عەلی میر، سەر بە ناحیەی قۆرەتۆوە لە گەرمیان، ئەمڕۆ (سێشەممە، 23-1-2024) لەگەڵ باوکیدا بووە کە شوانە، لەوکاتەدا دەستکاری مینەکەی کردووە و پێیدا تەقیوەتەوە.
بەهۆی تەقینەوەکە جگە لە گیانلەدەستدانی مێرمنداڵەکە، 20 سەرئاژەڵیش مردار بوون.
بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان لە رووداوی پەیوەندیدار بە مین دوور بن، لقی گەرمیانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین داوا لە هاونیشتیمانیان دەکات لەکاتی بینینی مین و پارچە تەقەمەنی، دەستکاریان نەکەن و لێی دووربکەونەوە، هەروەها "بێ بەرامبەر پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 182ـی دەزگای مینەوە بکەن."